هێزی ئاسمانی ئەمەریکا ڕایگەیاند دوابەدوای هێرشە موشەکییەکانی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر ئەبوزەبی، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا لە جۆری ئێف-22 گەیشتنە بنکەیەکی ئاسمانی لە ئیماڕات.
لەم هەفتانەی دواییدا حوسییەکانی هاوپەیمانی ئێران زنجیرەیەک هێرشی موشەکییان بۆ سەر ئیماڕات ئەنجامدا، بەڵام سیستمە بەرگرییە موشەکییەکانی ئەمەریکا و ئیماڕات بەرپەرچی موشەکەکانی حوسییەکانیان دایەوە.
هێزی ئاسمانی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی وەکو بەشێک لە پیشاندانی پشتیوانی ئەمەریکا بۆ ئیماڕات دوابەدوای زنجیرە هێرشەکانی مانگی یەک کە هەڕەشەیان لەسەر هێزەکانی ئەمەریکا و ئیماڕات دروستکرد، فڕۆکەکان گەیشتوونەتە بنکەیەکی ئاسمانی لە ئیماڕات.
بەیاننامەکە دەڵێت وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن بە هەماهەنگی لەگەڵ شازادەی جێنشینی ئیماڕات محەمەد بن زاین ئال نەهیاندا فەرمانیکرد فڕۆکەی جەنگی نەوەی پێنجەمی ئەمەریکا بەخێرایی ڕەوانەی ئیماڕات بکرێن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز