Accessibility links

ئەنجومەنی سینات کریستۆفەر ڕەی بۆ پـۆستی بەڕێوەبەری FBI پەسەندکرد


ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا بە زۆرینەی دەنگ کریستۆفەر ڕەی شارەزای یاسایی بۆ پـۆستی بەڕێوەبەری دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی FBI پەسەندکرد، ئەمەش پاش 3 مانگ لەوەی سەرۆک ترامپ جەیمس کۆمی بەڕێوەبەری پـێشووی دەزگاکەی لەو پـۆستە لادا.

پاش نیوەڕۆی دوێنێ سێشەممە ئەنجومەنی سینات کە 52 سیناتۆری کۆمارین و 46 ی دیموکراتن و دووانی سەربەخۆن، بە دەنگی 92 بەرامبەر 5 کریستۆفەر ڕەی پەسەندکرد.

سەرۆک ترامپ لە 7 ی مانگی شەش لەسەر تویتەرەکەی نووسی" کریستۆفەر ڕەی دەستنیشان دەکەم بۆ پـۆستی بەڕێوەبەری FBI ، پـیاوێکە ڕابردووەکەی هیچ گومانی لەسەر نیـیە. دواتر وردەکاریـیەکان بڵاودەکرێنەوە."

کریستۆفەر ڕەی تەمەن 51 ساڵ کە پـێشتر کاربەدەستێـکی باڵابوو لە وەزارەتی داد و پاشان پارێزەرێـکی سەرکەوتووی دەزگای King & Spalding بۆ ڕاوێژکاری یاسایی بوو، پشتیوانیەکی زۆری هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتی بەدەسـتهێنا پاش ئەوەی لە بەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی سینات گوتی پـێی باشترە دەست لە پـۆستەکەی هەڵبگرێت وەک لەوەی لە بەردەم دەستێوەردانە سیاسیـیەکاندا چۆک دابدات.

FBI کە دەزگایەکی فیدراڵیـیە و زیاتر لە 30 هەزار کارمەند کاری تیادا دەکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسە فیدراڵیـیەکانی وڵاتەکە، نابێت دەستێوەردانی حزبی تیایدا هەبێت.

ئەم دەزگا باڵایەی ئەمەریکا دەسەڵاتی هەیە لێکۆڵینەوەش لەسەر سەرۆک بکات، هەرچەندە بەڕێوبەرەکانی لە لایەن سەرۆکەکانی ئەمەریکاوە دەسـتنیشان دەکرێن.

لوێس فرێ کە ساڵی 1993 لە لایەن بێڵ کلنتن سەرۆکی پـێشوو بۆ ئەم پـۆستە دەسـتنیشانکرا، چەندان لێکۆڵینەوەی لە دژی خودی سەرۆک کلنتن بەڕێوەبرد.

XS
SM
MD
LG