Accessibility links

فاوچی پێشبینی خراپبوونی ڕەوشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات لە ئەمەریکادا


ئەنتۆنی فاوچی
ئەنتۆنی فاوچی

بەرپرسی باڵای نەخۆشیە گواستراوەکانی ئەمەریکا ئەنتۆنی فاوچی وتی وڵاتەکە ڕووبەڕووی " ئازار و ناخۆشیی " دەبێتەوە لەکاتێکدا جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ( دێڵتا ) تا دێت خێراتر بڵاودەبێتەوە.

ئەنتۆنی فاوچی، ڕاوێژکاری تەندروستی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن، لە بەرنامەیەکی کەناڵی ئەی بی سیدا وتی " شتەکان خراپتر دەبن." هەروەها بەرپرسیارێتی خراپبوونی ڕەوشەکەشی خستەسەر ئەو ملیۆنان خەڵکەی کە تاوەکو ئێستا ڤاکسینیان وەرنەگرتووە.

دوای ئەوەی لەم هەفتانەی دواییدا حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمەریکا زیادیکرد، لە ئێستادا هەندێک لەوانەی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە دەڵێن ڤاکسینەکە وەردەگرن، بەڵام ملیۆنان خەڵکی دیکە سەرەڕای خراپبوونی ڕەوشەکە و داواکانی بەرپرسانی تەندروستی بۆ وەرگرتنی ڤاکسین، هێشتا ڕەتی دەکەنەوە ڤاکسین وەربگرن.

فاوچی کە ڕۆژانە داوا هاوڵاتیانی ئەمەریکا دەکات ڤاکسین وەربگرن، وتی " تۆ خۆت دەپارێزێت لەوەی بە پیسی نەخۆش بکەویت و لە هەندێک حاڵەتیشدا گیان لەدەست بدەیت. ئەوانەی ڤاکسینەکەیان وەرنەگرتووە ڕێگە بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دەدەن."

لە ئێستادا ئەمەریکا ڕۆژانە 70,000 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆماردەکات، لە هەفتەکانی ڕابردوودا ئەو ژمارەیە 60,000 بوو. هۆکاری زۆرینەی حاڵەتەکانی توشبوون جۆری دێڵتای ڤایرۆسەکەیە کە سەرەتا لە هیندستانەوە سەریهەڵذا.

هەندێک لەوانەی چاودێری نەخۆشیەکە دەکەن پێشبینی ئەوە دەکەن لە مانگی هەشتدا ئەو ژمارەیە بەرزببێتەوە بۆ 140,000 تا 300,000 حاڵەت لە ڕۆژێکدا.

لە ئێستادا زانایان دەڵێن تەنانەت ئەوانەی ڤاکسینەکەشیان وەرگرتووە دەکرێت جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسەکە بگوازنەوە، ئەوەش وایکرد ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشییەکانی ئەمەریکا بڕیارێک دەربکات بۆ ئەو ناوچانەی وڵاتەکە کە ڤایرۆسەکە بەخێرایی تیایاندا بڵاودەبێتەوە، تیایدا داوایکرد ئەوانەی ڤاکسینیشیان وەرگرتووە لە شوێنە گشتیە داخراوەکاندا دووبارە دەمامک بەکاربهێننەوە.

فاوچی وتی " ئێمە لە کێشەیەکی تەندروستی زۆر جددیداین، ڕاستیەکە ئەوەیە ئەگەر توشی ڤایرۆسەکە ببیت و بیگوازیتەوە بۆخەڵکی تر، ئەوا تۆ مافی تاکەکەسی ئەوانی دیکەت پێشێل کردووە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG