Accessibility links

کۆمەڵێک وەرگێڕی ئەفغانی دەگوازرێنەوە بۆ ئەمەریکا


گەشتێکی تایبەتی ئەو 200 ئەفغانیەی کە داوای ڤیزای تایبەتی کۆچیان کردبوو گەیشتە ئەمەریکا، ئەوەش وەکو بەشێک لە هێنانە دەرەوەی ئەو ئەفغانیانەی کە یارمەتی حکومەتی ئەمەریکایان دابوو لە ئەفغانستان.

لە 14 ی مانگی حەوتدا ئەمەریکا ئەرکی هێنانە دەرەوەی ئەفغانیە هاوپەیمانەکانی ڕاگەیاند، وتی وەرگێڕە ئەفغانیەکان و ئەوانەشی کە یارمەتی حکومەتی ئەمەریکایان داوە لە ماوەی شەڕی ئەفغانستاندا لەگەڵ خێزانەکانیاندا دەهێنێتە دەرەوە.

جێگری ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا ڕوس تراڤەرس بە ڕۆژنامەنووسانی وت گەشتە ئاسمانیەکە " جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی ئەمەریکایە بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو ئەفغانیانەی کە ئازایانە یارمەتی ئەرکەکانمانیان داوە."

بەرپرسانی ئەمەریکا وتیان یەکەمین گەشت نزیکەی 200 کەس لەوانە لەخۆدەگرێت کە داوای ڤیزای تایبەتی کۆچیان کردووە، خۆیان و ئەندامانی خێزانەکانیشیان. نزیکەی 700 کەسی دیکە کە پڕۆسەی داواکردنی ڤیزای تایبەتی کۆچیان تەواو کردووە لە هەفتەکانی داهاتوودا دەهێندرێنە دەرەوەی ئەفغانستان.

ئەفغانیەکان بەرەو بنکەی سەربازی فۆرت لی دەچن لە ڤێرجینیا، نزیکەی هەفتەیەک لەوێ دەمێننەوە بەمەبەستی پشکنینی تەندروستی و تەواوکردنی کارەکانیان و دواتر دەبرێنە شوێنێکی دیکە. ئەوانەی خزمیان لە ئەمەریکا هەیە لەگەڵیاندا دادەنرێن، ئەوانەی دیکەش لەڕێی پڕۆگرامی وەرگرتنی پەنابەرانی وەزارەتی دەرەوەوە دادەنرێن.

بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، گروپی یەکەم لە پەنابەران پشکنینی جەستەیی و ڤایرۆسی کۆرۆنایان بۆ کراوە، هەر کەسێک هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بێت بەر لە گەشتەکەی بۆ ماوەیەک کوارەنتین دەکرێت.

باڵیۆزی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ئەرکەکانی ئەفغانستان ترەیسی جەیکبسن وتی " لە کابوڵ ڤاکسینمان بۆ ئەوانە دابین کردووە کە دەیانەوێت وەریبگرن، هەمان ڤاکسینیش لە فۆرت لی بەردەستە."

نزیکەی 2500 ئەفغانی شایستەن و هێشتا لە ئەفغانستان ماونەتەوە و لە کۆتاییدا دەگوازرێنەوە بۆ ئەمەریکا و شوێنێکی دیکە کە تاوەکو ئێستا ئاشکرا نەکراوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG