Accessibility links

ئەمەریکا لەگەڵ ئەوروپا لە هەوڵدایە بۆ قەدەغەکردنی بردنی ئامێرە ئەلیکترۆنیـیەکان بۆ نێو فڕۆکە گەشتیاریـیەکاندا


گوتەبێژی کۆمسیۆنی ئەوروپا دەڵێت ئەمڕۆ هەینی وتووێژ لە نێوان کاربەدەسـتانی باڵای یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکا ئەنجام دەدرێت سەبارەت بە داوای ئەمەریکا بۆ قەدەغەکردنی بردنی ئامێرە ئەلیکترۆنیـیەکان بۆ ناو فڕۆکە ئەوروپایـیەکانیش.

ئانا کایسا ئتکۆنێن ئەمڕۆ هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە برۆکسل ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی " بڕیارە ئەمڕۆ ژمارەیەک وەزیر لە یەکێتی ئەوروپا لە ڕێگەی تەلەفونەوە پەیوەندی بە جۆن کێڵی وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا بکەن."

گوتیشی هەروەها دوو کۆمسیاری یەکێتی ئەوروپا ئەوانیش بەشداری لە وتووێژەکاندا دەکەن، وە ئەوەی بۆ ئەوروپا گرنگە لە زانیاریـیەکان ئاگاداربکرێتەوە.

مانگی سێ ئەمەریکا ڕێنمایی بۆ 10 فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لە 8 وڵات دەرکرد، ئەوانەی گەشتی ڕاستەوخۆیان بۆ ئەمەریکا هەیە، کە ڕێگە نەدەن سەرنشینان هیچ ئامێرێکی ئەلیکترۆنی گەورەتر لە تەلەفونی مۆبایل لەگەڵ خۆیاندا ببەنە نێو فڕۆکەکانەوە. ئەو فڕۆکەخانانە کەوتوونەتە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریکا.

وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە گوتی وا نزیکبوونەتەوە لە دەرکردنی بڕیارێـک بۆ قەدەغەکردنی بردنی لاپـتۆپ و ئایپاد و ئامێرەکانی لەو جۆرە بۆ نێو فڕۆکە گەشتیاریـیەکان لە هەشت وڵاتی جیهان لەوانە ژمارەیەکیان لە ئەوروپادان.

ئەم بڕیارەی ئەمەریکا کە وەها لە گەشتیاران دەکات ئامێرە ئەلیکترۆنیـیەکانیان لە نێو جانتاکانیادا دابنێن، پاش ڕاگەیاندنی مەترسی ئەوەی تێرۆرستان بۆمب بە هاوشێوەی باتری ئامێرە ئەلیکترۆنیـیەکان دروستبکەن و بیانبەنە نێو فڕۆکەکانەوە.

لە مانگی دووی ساڵی 2016 لاپـتۆپێـک لە نێو فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیDaallo ی سۆماڵی تەقیـیەوە و کونێـکی گەورەی کردە فڕۆکەکەوە. لێـکۆڵەرەوان پـێـیانوایە بۆمب خرابووە نێو لاپـتۆپەکەوە. دەشڵێن ئامێرەکە لە فڕۆکەخانەی مەقادیشۆی پایتەخت لە ژێر سکانی تشکیدا تێپەڕیوە و پـێی نەزانراوە. بەڵام خۆشبەختانە بۆمبەکە تەقیوە بەر لەوەی فڕۆکەکە بگاتە بەرزایی ئاسمان، بۆیە فڕۆکەوانەکە دەستبەجێ گەڕاوەتەوە فڕۆکەخانەکە. لە ئەنجامی تەقینەوەکە 2 کەس برینداربوون.

XS
SM
MD
LG