وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا هەموو ئەو ئەمەریکیانەی لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکە لە بەغداد هەن پارێزراون و هیچ کەس نەچۆتە ناو باڵیۆزخانەکەوە، ئەمەش دوای ئەوەی خۆپیشاندەرانی عێراقی و گروپە چەکدارەکانی عێراق لەبەردەم باڵیۆزخانەکەدا کۆبوونەوە و توڕەیی خۆیان دەربڕی لەسەر هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا لە عێراق.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی باڵیۆزی وڵاتەکەی لە عێراق مات تولەر لە گەشتێکی تایبەتدا بووە و زیاتر لە هەفتەیەک پێش ئەوە ئامادەکاری بۆ کراوە ئەو گەشتە بکات، ئەو هەواڵانەشی کە ئاماژە بەوە دەدەن باڵیۆزخانەکەی بەجێهێشتووە و هێندراوەتە دەرەوە ساختەن.
بەرپرسەکە وتیشی باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ عێراق لەڕێگەیدایە بگەڕێتەوە بۆ باڵیۆزخانەکە و هیچ پلانێک بۆ چۆڵکردنی باڵیۆزخانەکە لە ئارادا نیە.