باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغداد ئاماژەی بەوەدا هەموو کارەکانی کونسوڵخانەی گشتی ڕاگرتووە، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و لایەنگرانی حەشدی شەعبی لەبەردەم باڵیۆزخانەکەی ئەمەریکا لە بەغداد کۆبوونەوە و هەوڵیاندا بچنە ناو باڵیۆزخانەکەوە.
باڵیۆزخانەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی " بەهۆی هێرشەکانی میلیشیاکانەوە لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریکادا، هەموو کارەکانی کونسوڵخانەی گشتی تا کاتێکی نادیار ڕاگیران. داوا لە هاوڵاتیانی ئەمەریکی دەکەین لە باڵیۆزخانەکە نزیک نەکەونەوە."
لە ماوەی ڕابردوودا خۆپیشاندەران لەبەردەم باڵیۆزخانەکەدا کشانەوە و ژمارەیەکی کەمیان لەشوێنی خۆیان ماونەتەوە و دەڵێن بەجێی ناهێڵن تا ئەو کاتەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەرنەچن. ڕۆژی چوارشەممە حەشدی شەعبی داوای لە خۆپیشاندەران کرد وەکو ڕێزێک بۆ حکومەتی عێراق لەبەردەم باڵیۆزخانەکە بکشێنەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز