Accessibility links

دەستەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی دانۆڵد ترامپ بەردەوامە لە تۆمارکردنی سکاڵا یاسایـیەکانی


کۆمیتەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک ترامپ بەردەوامە لە تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لە دادگاکانی ئەو ویلایەتانەی پـێـیوایە تیایاندا ساختەکاری لە پـرۆسەی دەنگدانەکەدا کراون.

کۆمیتەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لە دادگایەکی فیدراڵی ڕۆژئاوای ویلایەتی میشیگن سکاڵاکەی تۆمارکرد و تیایدا چەند کەسێک گوتویانە بە نایاسایی دەنگ دراوە بە تایبەتی لە ناوچەی واین کە بە شوێنێکی سەرەکی لایەنگرانی دیموکرات دادەنرێت لە ویلایەتەکەدا.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو سکاڵای هاوشێوە لە ویلایەتەکانی پەنسلڤانیا و جۆرجیا تۆمارکراون.

براد ڕافنسبێرگەر وەزیری دەرەوەی ویلایەتی جۆرجیا کە کەسێکی کۆماریـیە، ئەویش ئەمڕۆ بڕیاری دا سەرلەنوێ دەنگەکانی ناو ویلایەتەکەی بە دەست بژمێردرێنەوە. دەڵێت جیاوازی نێوان دەنگەکانی جۆو بایدن و دانۆڵد ترامپ 14111 دەنگە، ئەمەش ژمارەیەکی کەمە بۆ نزیکەی 5 ملیۆن کەس لە ویلایەتەکە دەنگیان داوە، بۆیە دەنگی نایاسایی بۆی هەیە کاریگەری لەسەر ئەنجامەکان هەبێت.

گوتیشی لە کۆتایی ئەم هەفتەیەوە ژماردنەوەی دەنگەکان دەستپـێدەکات و پـێشبینی کرد هەتا 20 ی ئەم مانگی یازدەیە پـرۆسەی ژماردنەوەی دەنگەکان بە دەست بە کۆتایی بگات.

بەپـێی ئەنجامە بەرایـیەکانی لە ویلایەتەکانەوە ڕاگەیاندراون جۆو بایدن توانیویەتی سەروو 270 دەنگی پـێویست بۆ ڕاگەیاندنی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، بەڵام دانۆڵد ترامپ و بەشێکی زۆری کۆماریـیەکان دەڵێن ساختەکاری کراوە و دەبێت دەنگە نایاسایـیەکان پـوچەڵبکرێنەوە. دیموکراتەکانیش لای خۆیانەوە ئەو قسانە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن سکاڵاکانی کۆماریـیەکان تۆماریان دەکەن هیچ بنەمایەکی ڕاستیان نیـیە.

XS
SM
MD
LG