Accessibility links

کاردانەوەی کۆماریـیەکان لە پاش ڕاگەیاندنی جۆو بایدن بە براوەی هەڵبژاردنەکان


پاش ئەوەی ڕاگەیەندرا جۆو بایدنی دیموکرات دەنگی نوێنەرانی هەڵبژاردنی پـێویستی بەدەستهێناوە تاوەکو بە براوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ڕابگەیەندرێت، کاردانەوەی جیاجیای لە نێو کۆماریـیەکاندا لێکەوتەوە.

کۆماریـیەکان بوون بە سێ بەش، بەشێک پـیرۆزباییان لە جۆو بایدن کرد، بەشێک هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپـۆرتە بێدەنگن، بەشێکیش دەڵێن فرتوفێڵ لە هەڵبژاردنەکەدا کراوە و دان بە ئەنجامەکەدا نانێن هەتا ڕێکارە یاسایـیەکان بە کۆتایی نەگەن.

ئەوانەی پـێرۆزبایـیان لە جۆو بایدن کرد

سیناتۆر میت ڕامنی کە کاندیدی کۆماریـیەکان بوو بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2012 و ڕکابەرە دیموکراتەکانی براک ئۆباما سەرۆکی پـێشوو و جێگرەکەی جۆو بایدن بوون، ئێستا لە نێو ئەو کۆماریـیانەدایە کە زوو پـیرۆزبایی لە جۆو بایدن کرد و لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی:

" ئان [هاوسەری] و خۆم پـیرۆزبایی دەکەین لە هەڵبژێراو بە سەرۆک جۆو بایدن و هەڵبژێراو بە جێگری سەرۆک کامڵا هێرس. هەردووکیان دەناسین بەوەی کەسانی نیازپاک و بە ئەمەکن. داوا لە خودا دەکەین لە ڕۆژان و ساڵانی داهاتوو ئاگای لێتان بێت."

جێب بوش، فەرمانڕەوای پـێشووی فلۆریدا و کوڕی سەرۆکی پـێشوو جۆرج بوشی باوک، لەسەر تویتەرەکەی نووسی"پـیرۆزبایی لە هەڵبژێردراو بە سەرۆک بایدن دەکەم. لە زۆربەی ژیانی گەورەیـیمدا نوێژ و نزام بۆ سەرۆکمان کردووە. ئێستاش نوێژ و نزا بۆتۆ دەکەم و سەرکەوتووبیت. ئێستا کاتی ئەوەیە برینە قوڵەکانمان ساڕێژبکەین. زۆرێک پـشتیان بە تۆ بەستووە پـێشڕەوی ڕێگاکە بیت."

جۆن کەیسک، فەرمانڕەوای پـێشووی ئۆهایۆ، ئەویش وەک کۆماریـیەک پـیرۆزبایی لە جۆو بایدن کرد و لەسەر تویتەرەکەی نووسی"پـیرۆزە هەڵبژێردراو بە سەرۆک جۆو بایدن. دەزانم ئەوە دەکەیت کە بەڵێنت داوە ئەنجامیان بدەیت و ببیتە سەرۆکی تەواوی وڵاتەکە."

ڕێبەرانی کۆماری هێشتا هیچیان ڕانەگەیاندووە

هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپـۆرتە، سیناتۆر میچ مەککۆنەڵ ڕێبەری کۆماریـیەکان لە ئەنجومەنی سینات و گەڤێن مەککارثی ڕێبەری کۆماریـیەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران و سیناتۆر لینزی گرام هیچیان لەم بارەیەوە لەسەر تویتەرەکانیان نەنووسیوە.

بەشێک لەو کۆماریـیانەی ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی جۆو بایدنیان پەسەند نەکردووە

ستیڤ سکەڵیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی"هەڵبژاردنەکان کۆتایـیان پـێنایەت هەتا هەموو ئەو دەنگانەی بە یاسایی دراون دەژمێردرێن و پشـتڕاستدەکرێنەوە. هێشتا سکاڵای یاسایی مەترسیدار هەن، وە هەتا ئەمانە یەکلانەکرێنەوە هەڵبژاردنەکان کۆتایـیان پـێنایەت."

سیناتۆر لامار ئەلێگزاندەر لە تویتەرەکەی نووسیویەتی" پاش ژماردنی هەموو دەنگێکی ڕاست و یاسایی و ڕێگەدان بە دادگاکان چارەسەری ناکۆکیـیەکان بکەن، گرنگە ڕێز لە ئەنجامەکان بگیرێن و دەستبەجێ قبوڵ بکرێن. گواستنەوە یان دووپاتکردنەوەی دەسەڵات لە پاش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی هێمای پتەوی دیموکراسیمانە."

جیم جۆردن، ئەندامی کۆماری ئەنجومەنی نوێنەران، لەسەر تویتەرەکەی چاوپـێکەوتنێکی خۆی لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز داناوە و تیایدا دەڵێت ئەوان وەک کۆماری دوو مانگ لەمەوبەر هوشداریـیان داوە کە فرتوفێڵ لە هەڵبژاردنەکاندا دەکرێت. دەڵێت بۆ نمونە لە واشنتنی پایتەخت چوار دەنگ دراون هی کەسانێک بوون چیتر لەوێ نیشتەجێ نیـین، لە پەنسلڤانیاش وەزیری دەرەوەی ویلایەتەکە گوتویەتی پـێویست بە واژو لەسەر کارتەکانی دەنگدانی لە ڕێگەی پـۆستەوە ناکات."

دیموکراتەکان لای خۆیانەوە بڕوایەکی تەواویان بەوە هەیە جۆو بایدن سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و پـیرۆزبایی خۆیان ئاڕاستەی جۆو بایدن و کامڵا هێرس کرد.

XS
SM
MD
LG