Accessibility links

ترامپ دەڵێت دیموکراتەکان ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکەدا دەکەن


دانۆڵد ترامپی کۆماری دەڵێت ئەگەر تەنیا دەنگەکانی کە بە شێوەیەکی یاسایی دراون هەژمارەبکرێن ئەوا بە سانایی براوەی هەڵبژاردنەکان دەبێت.

ترامپ شەوی پـێنجشەممە لە وتارێکی بۆ ڕۆژنامەوانان لە کۆشکی دیموکراتەکانی بە ساختەکاری تۆمەتبارکرد و گوتی ئەو سەرکەوتنی گەورە و مێژوویی تۆمارکردووە کە بەپـێچەوانەی ڕاوەرگرتنە گشتیـیەکانن، لەوانە لە فلۆریدا، ئایەوا، ئیندیانا، ئۆهایۆ ئەو سەرکەوتنانەی بەدەستهێناوە.

گوتیشی ئەو لە سەرەتادا لە هەموو شوێنە سەرەکیـیەکان بە ڕێژەیەکی زۆر لە پـێش بایدنەوە بووە، بەڵام دوایی لە چەند ویلایەتێک کە بە گوتەی خۆی پـرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان لەلایەن دیموکراتەکانەوە بەڕێوەدەبرێن بەرزی ڕێژەکەی دابەزیوە.

نمونەی هێنایەوە و گوتی لە ویلایەتی پەنسلڤانیا نزیکەی 700 هەزار دەنگی لە بایدن زیاتر بووە، بەڵام دواتر کەمبووەتەوە بۆ 90 هەزار.

هەروەها گوتی دیموکراتەکان کۆسپیشیان لە بەردەم چاودێرانی پـرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان دروستکردووە و ڕێگەیان نەداوە لە نزیکەوە کارەکانیان بکەن.

ترامپ لە وتارەکەی جەختی دەکردەوە سەرکەوتووی هەڵبژاردنەکانە و گوتی"ڕێگە بە گەندەڵکاران نادەین ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بدزن."

دیموکراتەکان لای خۆیانەوە ڕەتیدەکەنەوە ساختەکاریان لە هەڵبژاردنەکاندا کردبێت، دەڵێن ترامپ هەر لە سەرەتاوە بەنیازبووە تۆمەتی ساختەکاری ئاڕاستەی دیموکراتەکان بکات ئەگەر هاتوو ئەنجامەکان لە بەرژەوەندی خۆی نەبوون.

بایدن لە پاش وتارەکەی ترامپ لەسەر تویتەرەکەی نووسی " هەرگیز کەس ناتوانێت دیموکراسیمان لێ زەودبکات. ئەمەریکا هەنگاوی گەورەی بڕیوە و زۆر شەڕی کردووە و بەرگەی زۆریشی گرتووە هەتا ئەمە ڕوو نەدات."

لە ئێستادا جیاکردنەوەی دەنگەکان لە شەش ویلایەتی ئەمەریکا بەردەوامە و لە زۆربەیان ژمارەی دەنگەکانی ترامپ و بایدن لە یەک نزیکن. لە پەنسلڤانیا و نۆرث کارۆلاینا و جۆرجیا و ئالاسکا ترامپ لە پـێشەوەیە و لە ئەریزۆنا و نێڤادا بایدن دەنگی زیاتری هێناوە.

هەتا ئێستا ترامپ 214 دەنگی نوێنەرانی هەڵبژاردنی بردووەتەوە و بایدن 253 دەنگی نوێنەرانی هەڵبژاردنی هەیە. هەر کامیان بتوانێت 270 دەنگی نوێنەرانی هەڵبژاردن بەدەستبهێنێت بە سەرکەوتوو ڕادەگەیەنرێت.

XS
SM
MD
LG