Accessibility links

ئەمەریکا لە چاوەڕوانی ئەنجامەکانی حەوت ویلایەتە بۆ یەکلاکردنەوەی سەرۆکی داهاتووی وڵات


هێشتا پـرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان لە حەوت ویلایەتی ئەمەریکا بەردەوامە و خەڵکی بە تامەزرۆوە چاوەڕوانن بزانن ئایە سەرۆک ترامپی کۆماری بۆ چوار ساڵی دیکە وڵاتەکە بەڕێوەدەبات یاخود جۆو بایدنی دیموکرات شوێنی دەگرێتەوە.

هەتا شەوی چوارشەممە بە کاتی واشنتنی پایتەخت ئەنجامەکانی زۆربەی ویلایەتەکان ڕاگەیاندراون، بەڵام کۆماریـیەکان گومانیان لە ئەنجامەکانی چەند ویلایەتێک هەیە، لەوانە ویسکەنسن و میشیگن. دیموکراتەکانیش لای خۆیانەوە ڕەتیدەکەنەوە هەڵە لەو ئەنجامانەدا هەبن.

بەپـێی ئەنجامەکانی هەتا ئێستا ڕاگەیەندراون، بایدن براوەی 253 دەنگی نوێنەری هەڵبژاردنە و لە بەرامبەردا سەرۆک ترامپ 213 دەنگی نوێنەری هەڵبژاردنی بەدەستهێناوە. هێشتا 72 دەنگ یەکلا نەبوونەتەوە و هەرکام لەم دوو کاندیدە بتوانێت لە کۆی 538 دەنگی نوێنەری هەڵبژاردن 270 دەنگ و زیاتر بباتەوە ئەوا بە سەرۆکی ئەمەریکا ڕادەگەیەنرێت.

ئەو ویلایەتانەی دەنگەکانیان یەکلانەبوونەتەوە بریتین لە پەنسلڤانیا کە 20 دەنگی هەیە، جۆرجیا 16 دەنگ، نۆرث کارۆلاینا 15 دەنگ، ئەریزۆنا 11 دەنگ، نێڤادا 6 دەنگ، ئالاسکا 3 دەنگ لەگەڵ یەک دەنگی ویلایەتی مەین لە کۆی چوار دەنگی. لە تەواوی ئەم ویلایەتانە جیاوازیـیەکانی نێوان دەنگی هەردوو کاندید کەمن، بۆیە شیانی هەیە لە ئان و ساتدا پـێچەوانە ببنەوە.

بەپـێی کاربەدەستانی هەڵبژاردن بەشی زۆری ئەو دەنگانەی لە ئێستادا جیادەکرێنەوە، ئەوانەن کە لە ڕێگەی پـۆستەوە ڕەوانەکراون.

کاربەدەستان بە دوری نازانن هەتا ڕۆژی هەینی جیاکردنەوەی دەنگەکان درێژە بکێشێت. هەروەها بە دوریش نازانرێت ناکۆکی لەسەر ئەنجامەکان دروستبن و بۆ یەکلاکردنەوەی ڕوو لە دادگاکان بکەن.

XS
SM
MD
LG