Accessibility links

دیموکراتەکان پەرلەمان و حکومەتی ویلایەتی ڤێرجینیا کۆنترۆڵ دەکەن


لە پاش زیاتر لە 20 ساڵ دیموکراتەکان توانیان ببنە زۆرینە لە هەردوو ئەنجومەنی سینات و نوێنەرانی ویلایەتی ڤێرجینیا، ئەمەش لە کاتێکدا فەرمانڕەوای ویلایەتەکەش دیموکراتە.

بەپـێی دوایـین ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی دوێنێ سێشەممەی ویلایەتەکە، لە کۆی 40 ئەندامی ئەنجومەنی سینات، یەکلابووەتەوە 21 ئەندامی دیموکراتە و 18 ئەندامی کۆماریـیە.

لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش لە کۆی 100 ئەندامەکە، 53 دیموکراتە و 42 ی کۆماریـیە.

ڕاڵف نۆرثم ‌فەرمانڕەوای ویلاتەکە کە لە ساڵی 2018 وە لەو پـۆستەدایە، لەسەر تویتەرەکەی خۆشحاڵی خۆی بە ئەنجامەکان دەربڕی و گوتی زۆر شانازی بە هاوڕێ دیموکراتەکانی دەکات کە توانیویانە ببنە زۆرینە لە هەردوو ئەنجومەنەکە.

لە ویلایەتی کەنتاکی کە لەوێ هەڵبژاردنی فەرمانڕەوای ویلایەتەکە بەڕێوەچوو، ئاندی بیشێری دیموکرات سەرکەوتنی خۆی بەسەر مات بێڤنی کۆماری ڕاگەیاند پاش ئەوەی 99% ی دەنگەکان جیاکراونەتەوە. بەپـێی ئەنجامەکە ئاندی بیشێر 49.2% ی دەنگەکانی بردووەتەوە و مات بێڤن 48.8% ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. بەڵام هێشتا مات بێڤن دانانی نەناوە بەوەی شکستی هێناوە.

ئەگەربێت و ئاندی بیشێر سەرکەوتنی یەکلاببێتەوە ئەوا دیموکراتەکان پـۆستی فەرمانڕەوای کەنتاکی دەگرنەدەست لە کاتێکدا هەر دوو ئەنجومەنی سینات و نوێنەرانی ویلایەتەکە لە ژێر کۆنترۆڵی کۆماریـیەکاندایە.جێی ئاماژەیە دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا پشـتیوانیـیەکی زۆری لە مات بێڤن کرد.

لە ویلایەتی میسیسپی، لەوێش هەڵبژاردنی فەرمانڕەوای ویلایەتەکە بەڕێوەچوو و تەیت ڕیڤزی کۆماری بە دەنگی 52.2% سەرکەوتنی بەسەر جێم هودی دیموکرات تۆمارکرد کە 46.6 % ی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو. لەم ویلایەتەش کۆماریـیەکان هەردوو ئەنجومەنی سینات و نوێنەران کۆنترۆڵ دەکەن.

XS
SM
MD
LG