Accessibility links

سەرۆک ترامپ و بایدن تاوەکو ئێستا لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکاندا لە یەکەوە نزیکن


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و جێگری سەرۆکی پێشوو جۆ بایدن تاوەکو ئێستا لە کێبڕکێکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا لە یەکەوە نزیکن.

هێشتا هەندێک ویلایەت ماوە تاوەکو ئەنجامەکانی تیادا یەکلایی ببێتەوە. لە ویلایەتەکانی باشووری ئەمەریکا وەکو تێکساس و نۆرث کارۆلاینا و جۆرجیا سەرۆک ترامپ لە پێشەوەیە، لە ویلایەتی ئاریزۆنا بایدن لە پێشەوەیە.

لە باکوور، جیاکردنەوەی دەنگەکان بەردەوامە لە ویلایەتەکانی پێنسلڤانیا و میشیگن و ویسکۆنسندا.

هەردوو کاندیدەکان لەو ویلایەتانەدا لە پێشەوەن کە پێشبینی کرابوو. پێشبینی ئەوە کرابوو بایدن لە ویلایەتی ڤێرجینیاوە تاوەکو کەناراوەکانی ڕۆژهەڵات لە پێشەوە بێت. هەروەها پێشبینی کرابوو سەرۆک ترامپ لە زۆرینەی ویلایەتەکانی باشووری ئەمەریکا سەرکەوتوو ببێت، لەوانەش ئالاباما و ویلاتەکانی ناوەڕاست بە کەنساس و میزوریشەوە.

هەمیشە ڕۆژی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کۆتایی کەمپینی هەڵبژاردنەکانە، بەڵام ئەم ساڵ پێدەچێت ئەوە تەنها سەرەتا بێت.

زیاتر لە 100 ملیۆن کەس پێشوەخت یاخود لەڕێی پۆستەوە دەنگیانداوە، ئەو دەنگانەی پێشوەخت دراون چەند ڕۆژێکیان پێدەچێت تاوەکو جیا دەکرێنەوە. هەر ویلایەتێکیش کاتێکی دیاریکراوی هەیە بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG