Accessibility links

سیناتۆر مچ مککانەڵ سەرۆکی زۆرینەی کۆمارییەکان لە سینات پیرۆزبایی لە جۆو بایدن و کامڵا هێرس دەکات


مچ مککانەڵ سەرۆکی زۆرینەی کۆمارییەکانی سیناتی ئەمەریکا ڕۆژێک پاش پشتڕاستکردنەوەی فەرمی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، پیرۆزبایی لە جۆو بایدن سەرۆکی هەڵبژێدراو و کامڵا هێرس‌ی جێگری دەکات.

مچ مککانەڵ ڕۆژی سێشەممە لە سیناتی ئەمەریکا گوتی "دوێنێ نوێنەرانی هەڵبژاردن لە 50 ویلایەتدا کۆبوونەتەوە و بۆیە لە ئەمڕۆ وە وڵاتەکەمان بە فەرمی سەرۆک و جێگری سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەیە. "

ئەو گوتی "زۆربەمان هیوامان بە دەرئەنجامێکی تر هەبووە، بەڵام سیستەمی حکومەتی ئێمە پرۆسەیەکی هەیە کە دەستنیشانی دەکات کێ لە 20 ی مانگی یەکدا سوێندی یاسایی وەک سەرۆکی نوێ دەخوات. "

گوتیشی "ئەمڕۆ دەمەوێت پیرۆزبایی لە جۆو بایدن بکەم وەک سەرۆک کۆمار و ئەو بە سینات نامۆ نییە و بۆ ماوەی چەندین ساڵ پێشێنەی خزمەتگوزاری هەیە . هەروەها پیرۆزبایی لە هاوکارمان کامڵا هێرسی نوێنەری کالیفۆرنیا دەکەم کە بەدەر لەجیاوازییەکانی ئێمە ، هەموو ئەمەریکاییەکان دەتوانن شانازی بەوەوەبکەن کە وڵاتەکەمان بۆ یەکەمجار، جێگری سەرۆک کۆمارەکەی ژنێک دەبێت."

دەستەی نوێنەران بۆ دەستنیشانکردنی هەڵبژاردنەکان ڕۆژی دووشەممە 14 ی مانگ، کۆبوونەوەیەکی فەرمییان بۆ ڕاگەیاندنی سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا سازکرد و بەشێوەیەکی فەرمی جۆو بایدنیان بە بردنەوەی302 دەنگی نوێنەر وەک براوەی هەڵبژاردنەکان ڕاگەیاند.

سەرۆکی نوێی ئەمەریکا لە 20 ی مانگی یەک بەفەرمی دوای سوێندخواردنی یاسایی دەست بەکارەکانی دەکات.

XS
SM
MD
LG