Accessibility links

چالاکوانێکی ئەمەریکایی بە هەوڵی حکومەتی ئەمەریکا لە میسر ئازاد دەکرێت


ڕۆژنامەیەکی ئەمەریکا دەڵێت چالاکوان ئایە حیجازی ئەمەریکایی بە ڕەچەڵەک میسری، ئەوەی چەند ڕۆژێـک لەمەوبەر لە بەندیخانەیەکی میسر ئازادکرا، بە فڕۆکەیەکی تایبەت بەرەو ئەمەریکا هێنرایەوە.

ڕۆژنامەی واشنتن پـۆست ئەمڕۆ هەینی نووسیویەتی ئایە حیجازی دامەزرێنەری کۆمەڵەی "بیلادی" شەوی پـێنجشەممە خۆی و محەمەد حەسەنێنی هاوسەری بە فڕۆکەیەکی تایبەتی حکومەتی ئەمەریکا گەیشتوونەتە بنکەی ئەندرۆزی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا لە ویلایەتی مێریلاند.

دەشڵێت سەرۆک ترامپ کاری بۆ ئازادکردنی کردبوو و ئەویش فەرمانی کردبوو ئەو فڕۆکە تایبەتە بۆ هێنانەوەی ڕەوانەبکرێت.

بەپـێی ڕۆژنامەکە کاربەدەسـتێـکی باڵا لە بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا بۆی ئاشکراکردوون سەرۆک ترامپ و یاریدەدەرەکانی بۆ ماوەی چەند هەفتەیەکە لە وتووێژی بەردەوامدابوون لەگەڵ عەبدول فەتاح ئەلسیسی سەرۆکی میسر تاوەکو ئایە حیجازی و هاوسەرەکەی و 6 کەسی دیکە ئازادبکرێن.

کاربەدەسـتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە ئازادکردنی ئایە لە ئەنجامی هەوڵی دیپـلۆماتی نهێنی سەرۆک ترامپ بووە و لە بەرامبەر هیچ داوا و مەرجێکی میسردا نیـیە.

بەپـێی ئەو کاربەدەستە بڕیارە ئەمڕۆ هەینی لە لایەن سەرۆک ترامپ و ئیڤانکای کچی و جارێد کوشنەری هاوسەری ئیڤانکا لە کۆشـکی سـپی پـێشوازی لە ئایە و باسلی برای بکرێت.

جێی ئاماژەیە پـێشتر ئایە حیجازی و هاوسەرەکەی و 6 کەسەکەی دیکە تۆمەتبارکرابوون بە بازرگانی بە مرۆڤ و دامەزراندنی کۆمەڵەیەک بەبێ ئەوەی مۆڵەت وەربگرن. بەڵام ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو دادگایەکی میسر بڕیاری دا بێ تاوانن.

XS
SM
MD
LG