Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە میسرەوە دەست دەکات بە سەردانەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست


وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت ئەگەری هەر دانوستاندنێک لەگەڵ کۆریای باکوردا لەسەر بەرنامە ناوکی و موشەکییەکەی تەنها لەو کاتەدا دەبێت پێۆنگ یانگ نیشانی بدات دەخوازێت بەشداربێت لە وتووێژێکی بابەتیانەدا.

ڕیکس تێڵەرسن، هاوکاتی سەردانەکەی ئەمڕۆ دووشەممەی بۆ وڵاتی میسر وتوویەتی "پێم وایە هێشتا زووبـێت بۆ بڕیاردان و وەک پێشتر وتوومانە کەوتۆتە سەر کۆریای باکور بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی ئایا ئامادەیە بۆ بەشداری لە وتووێژێکی مانا بەخشدا و پێۆنگ یانگ دەشزانێت چی پێویستە لەسەر مێزی وتووێژ هەبێت."

ئەم لێدوانانەی گەورە دیپلۆماتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە میانەی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەکەیدا بووە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی میسردا.

لە کۆبوونەوەکەشیدا، تێڵرسن لەگەڵ سامح شوکری وەزیری دەرەوەی میسردا باسیان لە کێشەکانی ئاسایشی ناوچەکەش کرد، لەوانە لیبیا و سوریا و هەروەهاش پرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت پێویستە میسریەکان دڵنیابن لەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەردوام دەبێت لە وابەستەییەکان و پشتیوانیکردنی میسر لە شەڕی دژی تێرۆریزمدا.

ئەو وابەستەیەش وەک وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا باسی دەکات بریتیە لە "وابەستەیی هاوبەشی هەردوولامان بۆ لەناوبردنی داعش، هەروەهاش نەبوونی کەلێن لە هەوڵە هاوبەشەکانماندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم و توندڕەوی لە ناوچەکەدا و بە تایبەتیش لێرە لە میسر."

وەهاش بڕیارە ڕیکس تێلەرسن لەگەڵ عەبدولفەتاح ئەلسیسی سەرۆکی میسریشدا کۆببێتەوە لەم یەکەم وێستگەی سەردانەیدا بۆ پێنج وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە سەردانی شانشینی ئوردون و تورکیا و لوبنان و هەروەها کوەیتیش دەکات.

XS
SM
MD
LG