Accessibility links

دیموکراتەکان بەر لە هەڵبژاردنە سەرەتایـیەکانی ئایاوا ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە


سێ لەو دیموکراتانەی خوازیارن ببنە کاندیدی پارتەکەیان بۆ هەڵبژاردنەکانی سـاڵی 2016 ی ئەمەریکا، بەشداریـیان لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی تەلەفیزیۆنیدا کرد بەر لەوەی هەڵبژاردنی سەرەتایی پارتەکەیان ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو لە ئایاوا دەسـتپـێبکات.

هەریەک لە خانم هێلەری کلنتن وەزیری پـێشووی دەرەوە و مارتن ئۆماڵی فەرمانڕەوای پـێشووی میریلاند و سیناتۆر بێرنی ساندەرس، شەوی دووشەممە لە هۆڵی زانکۆی درەیەک لە شاری دی مۆینی ویلایەتی ئایاوا بەشداریـیان لە ڕووبەڕووبوونەوەکەدا کرد کە لە لایەن کەناڵی CNN وە بەڕێوەبرا.

ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، سیناتۆر بێرنی ساندەرس کە لەم دوایـیانە لە ڕاوەرگرتنە گشـتیـیەکاندا پـشـتیوانی زیاتری لێکرابوو، کەوتە ڕەخنەگرتن لە هێلەری کلنتن و گوتی ڕابردوویەکی پـڕ لە هەڵەی هەیە، لەوانە کاتێـک کە سیناتۆر بووە لە ساڵی 2002 دەنگی بۆ شەڕی عێراق داوە.

خانم هێلەری لای خۆیەوە دانی‌نا بەوەی هەڵەی کردبوو لە پشـتیوانیکردنی لە شەڕی عێراق، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جەختی کردەوە خاوەن ئەزمون و ژیرمەندیـیەکی سیاسیـیە کە وەها لێ دەکات ببێتە ئەو کاندیدە دیموکراتەی بتوانێت هەموو کارەکانی سەرۆکایەتی وڵات لە ئەستۆ بگرێت. باسی لە ئەزمونی خۆی کرد کاتێـک لە نێوان سـاڵانی 2009 بۆ 2013 وەزیری دەرەوە بووە، وە چۆن کاری لەگەڵ ئیسرائیلی و فەڵەستینیـیەکان کردووە و هەروەها چۆن ڕۆڵی بینیبوو لە مەسەلەی بەرنامە ناوکیـیەکەی ئێراندا. ئاماژەی بۆ ئەوەش دا کە پـێویستە بژارەی لەشکری دوایـین ڕێگەبێت بگیرێتەبەر هەرچەندە بژارەی دیپـلۆماسی کاتێـکی زۆر و پـشوو درێژی دەوێت.

سیناتۆر ساندەرس جارێکی دیکە باسی شەڕی عێراقی کردەوە و گوتی گرنگترین دەنگدان لە مێژووی ئەمەریکای نوێدا درابێت سەبارەت بە کاروباری دەرەوەیی، ئەوەی شەڕی عێراق بووە. گوتی " من دەنگم لە دژی ئەو شەڕە دا." جەختی لەوە کرد خاوەن ئەزمونی شتێـکی گرنگە، بەڵام حوکمدانی باشیش گرنگە.

مارتن ئۆماڵی لای خۆیەوە ڕەخنەی لە هەردووکیان گرت و گوتی ڕاوبۆچوونەکانیان ئەمەریکایـیەکان لە یەک دوردەخاتەوە. پاشان باسی لە هەڵوێستە سیاسیـیەکانی خۆی کرد لەگەڵ ئەو ئەزمونەی بەدەسـتیهێناوە لەو دەمەی فەڕمانڕەوای میریلاند بوو.

XS
SM
MD
LG