Accessibility links

یەکەم دیبەیتی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی 2020


یەکەم دیبەیتی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 شەوی چوارشەممە لە شاری میامی ویلایەتی فلۆریدا بەڕێوەچووە و تیایدا 10 کاندید بەشداریان کرد.

کاندیدەکان بریتی بوون لە:

کۆری بووکەر، سیناتۆری ویلایەتی نیو جێرزی

بێڵ دێ بلاسیۆ، سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک

جولیان کاسترۆ، وەزیر پـێشووی وەزارەتی نیشتەجێ و گەشەپـێدانی شارستانی

جۆن دەلەینی، ئەندامی پـێشووی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ویلایەتی مێریلاند

تولسی گاببارد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ویلایەتی هاوایی

جەی ئنزلی، فەرمانڕەوای ویلایەتی واشنتن

بێتۆ ئۆرۆرک، ئەندامی پـێشووی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تەکساس

تیم ڕاین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ویلایەتی ئۆهایۆ

ئەیمی کلۆبەشار، سیناتۆری ویلایەتی مینەسۆتا

ئلیزابێث وارن، سیناتۆری ویلایەتی ماسەچوسێتس

لە دیبەیتەکەدا سەنگی خرایە سەر بابەتەکانی پەیوەست بە خزمەتگوزاری تەندروستی و یاسای هەڵگرتنی چەک و کۆچبەری و ئێران.

خزمەتگوزاری تەندروستی

ئەمە یەکێکە لە بابەتە گرنگەکان بۆ دەنگدەری ئەمەریکایی، بۆیە هەڵوێستی کاندیدەکان لەسەری زۆر جێی بایەخە. لە دیبەیتەکەدا تێڕوانین و بۆچوونی زۆر جیاواز هەبوون لەسەر ئەوەی ئایە پـێویستە سیستەمی خزمەتگوزاری تەندروستی تەنیا لە لایەن حکومەتەوە دابینبکرێت یان نا و ئایە بەشداری کەرتی تایبەت لە دابینکردنی خزمەتگوزاریـیە تەندروستیـیەکان پـێویستە هەبێت یان نا.

سیناتۆر ئلێزابێث وارن و بێڵ دێ بلاسیۆ لەگەڵ ئەوەدا نین کەرتی تایبەت بەشداری هەبێت لە دابینکردنی خزمەتگوزاریـیە تەندروستیـیەکاندا. ئلێزابێث کە ناسراوە بەوەی دەیەوێت هەموو ئەمەریکایـیەک خزمەتگوزاری تەندروستی هەبێت، گوتی ئەو لەگەڵ پـێشنیارەکەی سیناتۆر بێرنی ساندەرزە کە دەڵێت"میدیکێر بۆ هەمووان".

میدیکێر بەرنامەیەکی خزمەتگوزاری تەندروستی حکومەتی فیدرالی ئەمەریکایـیە و لە ئێستادا بۆ ئەو کەسانەیە کە تەمەنیان سەروو 65 ساڵە لەگەڵ ئەوانەشی خاوەن پـێداویستی تایبەتن.

بێتۆ ئۆرۆرک لای خۆیەوە گوتی بەرنامەی میدیکێر بۆ ئەمەریکایـیەکان نەک بۆ هەمووان، دەڵێت بەمە بوار دەمێنێتەوە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت بەرنامەکانی ئێستایان بهێڵنەوە. گوتیشی لەگەڵ ئەوەدا نیـیە خزمەتگوزاری تەندروستی کەرتی تایبەت نەهێڵرێت، بەڵام بێڵ دێ بلاسیۆ قسەکەی پێ بڕی و گوتی خزمەتگوزاری تەندروستی کەرتی تایبەت سوودی نیـیە.

کۆچبەری

کاندیدەکان لەم بارەیەوە ڕەخنەیان لە سیاسەتەکانی سەرۆک ترامپ گرت و گوتیان هۆکاری ئەو ڕەوشە خراپەی مرۆڤە لە سنوورەکانی باشوری وڵاتەکە.

جولیان کاسترۆ کە وەزیر بوو لە سەردەمی سەرۆک ئۆباما و پـێشتر سەرۆکی شارەوانی شاری سان ئەنتۆنیۆی ویلایەتی تەکساس بووە، مەسەلەی ئەو وێنەیەی وروژاند کە تیایدا باوکێک و کچەکەی نیشان دەدرێت کە لە کاتی هەوڵی بە قاچاغ هاتنە ناو ئەمەریکا خنکاون. پاشان لە بەشێکی قسەکانی هێرشی کردە سەر بێتۆ ئۆرۆرک و گوتی وەک پـێویست پـشتیوانی لەوە نەکردووە ڕێگری بکرێت لە بە تاوان ناساندنی پەڕینەوەی سنوور. گوتیشی ئەگەر ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا ئەوا بڕیارێک دەردەکات بۆ ڕێگەگرتن لە جیاوازیکردن لە دژی کەسانی کەمینە نەژادیـیەکان.

بێتۆ ئۆرۆرک کە لە دایکبووی شاری ئال پاسۆی ویلایەتی تەکساسی دراوسێی مەکسیکە ئەویش لای خۆیەوە هەوڵی دەدا سۆزی ئەمەریکایـیە بە ڕەچەڵەک لاتینەکان ڕابکێشێت، بۆیە چەند جارێک بە ئیسپانی قسەی کرد.

یاسای هەڵگرتنی چەک

سیناتۆر کۆری بووکەر خواستی خۆی ڕاگەیاند بۆ توندکردنی یاسای هەڵگرتنی چەک و گوتی مەسەلەکە سیاسی نیـیە، بەڵگو شتێکی گرنگە و دەبێت کاری بۆ بکرێت.

کۆری بووکەر کە یەکێکە لەو دوو دیموکراتە ڕەش پـێستەی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کاندیدکردووە، چەند جارێک پشتیوانی خۆی بۆ ئەمەریکایـیە بە ڕەچەڵەک ئەفریکایـیەکان دەربڕی.

تیم ڕاین لای خۆیەوە گوتی پـێویستە گرنگی بە خوێندکاران بدرێت لە ڕووی بارودۆخی کۆمەڵایەتیـیان، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لە زۆربەی ڕووداوی تەقەکردنەکان تەقەکەرەکە خوێندکاربووە.

سیاسەتی دەرەوە

لە دیبەتەکە پـرسیار لە کاندیدەکان کرا "ئەگەر هاتوو و کۆمەڵکوژیـیەک لە وڵاتێکدا ڕووی دا، پشتیوانی لەوە دەکەن ئەمەریکا لەسەری بێتە دەنگ؟"

بێتۆ ئۆرۆرک گوتی بەڵێ لەگەڵ ئەوەدایە ئەمەریکا کاردانەوەی هەبێت بەڵام بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیماناندا. بێڵ دێ بلاسیۆ لای خۆیەوە گوتی بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە کۆنگرێس نابێت ئەمەریکا بەرەو جەنگ بڕوات.

تیم ڕاین کە بۆ ماوەی 17 ساڵ لە کۆنگرێس خزمەتی کردووە، گوتی ئەمەریکا وەک پـێویست لەسەر ئاستی جیهان کاری نەکردووە، بۆیە گروپە تێرۆرستیـیەکانی وەک تاڵیبان بە تواناتربوون. خانم تولسی گاببارد گوتی ئەو لەگەڵ ئەوەدایە سەربازانی ئەمەریکا بهێنرێنەوە وڵات.

لە دیبەیتەکە پـرسیار لە کاندیدەکان کرا، ئایە پشتیوانی لە ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەی ساڵی 2015 دەکەن ئەوەی کۆمەڵی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئێراندا مۆریکرد؟

تەنیا دوو لە کاندیدەکان دەستیان بەرزنەکردەوە، ئەوانیش هەردوو سیناتۆر کۆری بووکەر و ئەیمی کلۆبەشار بوون. گوتیان ئەگەر هەلیان بۆ بڕەخسێت ئەوا دانوستاندنێکی باشتر لە بارەی ڕێکەوتنی ناوەکی لەگەڵ ئێراندا دەکەن. کۆری گوتی ڕێکەوتنەکەی 2015 هەڵەیەک بوو کرا. خانم ئەیمی کلۆبەشار لە بارەی هەڵوێستەکانی سەرۆک ترامپ بەرامبەر ئێران گوتی ئەو سیاسەتانە لە بەرژەوەندی ئەمەریکادا نین.

جێی ئاماژەیە کەناڵی NBC NEWS دیبەتەکەی بەڕێوەبرد و لە میانەی پەخشی ڕاستەوخۆی دیبەتەکە کێشەیەکی تەکنیکی ڕووی دا کە و بۆ ماوەیەک کورت دیبەتەکە ڕاگیرا، ئەمەش بووە جێی ڕەخنەی سەرۆک ترامپ و لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" سوپاس MSNBC بە ڕاستی پـرۆفیشناڵن."هەروەها پارچە ڤیدیۆیەکی دەستکاریکراوی دیبەتەکەی لەگەڵیدا داناوە کە تیایدا لە کۆتایـیەکەی خۆی دەردەکەوێت.

ئەمشەوی پـێنجشەممە دیبەتێکی دیکەی دیموکراتەکان بەڕێوەدەچێت و تیایدا 10 کاندیدی دیکە بەشداری دەکەن، لەوانە جۆ بایدن جێگری پـێشووی سەرۆکی ئەمەریکا و سیناتۆر بێرنی ساندەرزی ویلایەتی ڤێرمۆنت.

XS
SM
MD
LG