Accessibility links

هێلەری کلنتن پشـتیوانی دیموکراتەکان بەدەسـتدەهێنێت بۆ کاندیدبوون بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا


هێلەری کلنتن وەزیری پـێشووی دەرەوەی ئەمەریکا پشـتیوانی 2755 شاندی بەدەسـتهێنا لەو هەڵبژاردنە بەرایـیانەی هەتا ئێستا لە ویلایەتەکانی وڵاتەکە ئەنجامدراون، بەمەش هێندەی پـشـتیوانی بەدەسـتهێناوە کە دیموکراتەکان دەتوانن بە کاندیدی خۆیانی هەڵبژێرن بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

دوێنێ سێشەممە هەڵبژاردنی بەرایی دیموکراتەکان لە ویلایەتەکانی (کالیفۆرنیا، نۆرث داکۆتا، ساوث داکۆتا، مۆنتانا، نیوجێرزی، نیو مەکسیکۆ) بەڕێوەچوون.

لە کالیفۆرنیا، هێلەری پشـتیوانی 257 شاندی بردەوە، بەڵام ڕکابەرەکەی سیناتۆر بێرنی ساندەر 188 شاندی بەدەسـتهێنا. نیوجێرزی، هێلەری کلنتن 73 شاند پشتیوانی لێکرد، بەڵام بێرنی ساندەرس 47 شاند. نیو مەکسیکۆ، هێلەری 17 شاند و بێرنی 14 شاند. لە ساوث داکۆتا هەریەکەیان 10 شاندی بەدەسـتهێنا، بەڵام لەوێش هێلەری کلنتن بە براوە دادەنرێت بەو پـێـیەی 51% ی دەنگەکانی بردەوە لە بەرامبەر بێرنی ساندەرس کە تەنیا 43.1% ی بەدەسـتهێنا.

بەم ئەنجامانە لە ئێسـتادا هێلەری کلنتن 2755 شاند پشـتیوانی لێدەکات، واتە 372 شاند زیاتر لەو 2383 شاندەی پـێویسن لە نێو دیموکراتەکاندا کەسێـک بەدەسـتیبهێنێت تاوەکو بە کاندیدی پارتەکە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەسـتنیشان بکرێت.

شەوی سێشەممە لەگەڵ دەرکەوتنی بەشێـکی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە، هێلەری کلنتن لە شاری برۆکلینی ویلایەتی نیویۆرک قسەی بۆ لایەنگرانی کرد و سەرکەوتنی خۆی ڕاگەیاند و گوتی بۆ یەکەم جار لە مێژووی وڵاتەکەماندا ژنێـک دەبێتە کاندیدی پارتێـکی گەورە بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

بەڵام سەرەڕای سەرکەوتنی هێلەری کلنتن لە هەڵبژاردنەکاندا، هێشتا بە فەرمی نابێتە کاندیدی دیموکراتەکان هەتا لە کۆنگرەی گشتی دیموکراتەکاندا بڕیاری لەسەر نەدرێت. کۆنگرەکە لە 25 بۆ 28 ی مانگی حەوت لە شاری فیلادلفیای ویلایەتی پەنسلڤانیا سازدەکرێت.

سەرۆک ئۆباما لای خۆیەوە پـیرۆزبایی لە هێلەری کلنتن کرد.

جۆش ئێرنست گوتەبێژی کۆشـکی سـپی گوتی سەرۆک ئۆباما بە تەلەفون پەیوەندی بە خانم هێلەری کلنتن کردووە و پـیرۆزبایی لێکردووە بە بۆنەی بەدەسـتهێنانی ئەو پشـتیوانیەی کە پـێویستە بۆ کاندیدکردنی. گوتیشی سەرۆک ئۆباما تەلەفونیشی بۆ سیناتۆر بێرنی ساندەر کردووە و سوپاسی ئەویشی کردووە کە جۆش‌وخرۆشی لە نێو ملیۆنان ئەمەریکایی دروستکردووە بە تێڕوانینەکانی.

XS
SM
MD
LG