Accessibility links

شاندێکی ئەمەریکا سەردانی تایوان دەکات


کۆمەڵێک لە یاسادانەرانی ئەمەریکی گەیشتنە تایوان، ئەمەش دووەمین شاندی ئەمەریکایە کە لەم مانگەدا سەردانی تایوان بکات و ئاماژەیەکی نوێیە لەسەر پشتیوانیەکانی ئەمەریکا بۆ دورگەکە.

پشتیوانیە نێودەوڵەتیەکان بۆ ئەوەی تایوان پێگەیەکی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا هەبێت زیادیکردووە، بەتایبەتی لەنێو وڵاتانی ڕۆژئاوادا، لەکاتێکدا سەرۆکی چین شی جین پینگ ڕێبازێکی شەڕانەی بەرامبەر تایوان گرتۆتەبەر.

چین تایوان بە خاکی خۆی دەزانێت و فشارە سەربازیی و سیاسییەکانی بۆ سەر دورگەکە زیادکردووە، هەروەها دەشڵێت ئەگەر پێویست بکات بە هێز دورگەکە لەگەڵ چیندا یەک دەخەینەوە.

یاسادانەرێکی ئەمەریکا لە کۆنگرێس ئێلیسا سلۆتکین لە تویتەر نوسیویەتی " دوێنێ کاتێک هەواڵی سەردانەکەمان بڵاوبۆوە، ئۆفیسەکەم نامەیەکی توندی لە باڵیۆزخانەی چینەوە بەدەست گەیشت، تیایدا پێیان وتم سەردانەکە هەڵبوەشێنمەوە."

نانسی مەیس کە تەنها ئەندامی کۆمارییەکانە لە شاندەکەدا، لەکاتی گەیشتنی بۆ تایوان لە تویتێکدا نوسیویەتی " ئێستا گەیشتمە کۆماری تایوان."

هەڵبژاردنی وشەکان گرنگە، چونکە ناوی فەڕمی تایوان کۆماری چینە، بەڵام ئەوانەی سەربەخۆییان بۆ تایوان دەوێت پێی دەڵێن کۆماری تایوان.

ئەم سەردانەی شاندەکەی ئەمەریکا بۆ تایوان دوای ئەوە دێت سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن تایوانی بانگهێشت کرد بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی دیموکراسی، ئەم هەنگاوەش پەکینی توڕە کرد.

شاندەکەی ئەمەریکا لەلایەن مارک تاکانۆوە ڕابەرایەتی دەکرێت کە سەرۆکی لیژنەی کاروباری سەربازە خانەنشینکراوەکانە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، هەریەک لە کۆڵن ئاڵڕید و سارا جەیکۆبس و سلۆتکین و مەیسیش لە شاندەکەدان.

خافیێر چانگی وتەبێژی سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن وتی سەردانەکە " هاوڕێیەتیە بەهێزەکەی نێوان ئەمەریکا و تایوان و پشتیوانیەکی بەهێز بۆ پەیوەندییەکانمان لە کۆنگرێس دەردەخات."

لەمیانەی کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێندا، مارک تاکانۆ وتی سەردانی ناوچەکەیان کردووە تاوەکو بەبیری هاوبەشەکان و هاوپەیمانان بهێننەوە کە بەرپرسیارێتی هاوبەش لە دڵنیا بوونەوە لە پاراستن و ئازادیی دەریای هیند و ئارام لە هەموو کات بەهێزترە.

وتی " خانمی سەرۆک، دەمەوێت ڕابەرایەتیەکەت بەرز بنرخێنم، لەژێر بەڕێوبەرایەتیەکەی تۆدا پەیوەندییەکانی نێوانمان لە هەموو کات ئەرێنیتر و بەرهەمدارترن."

ئاماژەشی بەوەدا " پابەندبوونمان بە تایوانەوە وەکو بەرد پتەوە و پەیوەندییەکانی نێوانمان زیاتربوون. تایوان چیرۆکێکی سەرکەوتووی دیموکراسیە، هاوبەشێکە پشتی پێدەبەسترێت و هێزێکی چاکەیە لە جیهاندا."

لەلای خۆیەوە سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن وتی " لەڕووی بارودۆخی ناوچەکەوە کە ئێوە سەرنجی دەدەن، تایوان بەردەوام دەبێت لە زیادکردنی هاریکارییەکان لەگەڵ ئەمەریکادا تاوەکو بەها هاوبەشەکانی نێوانمان سەبارەت بە ئازادی و دیموکراسی بپارێزین، هەروەها بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە لە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG