سه‌رۆکی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا باراک ئۆباما داوای له کۆمارییه‌کان و دیموکراته‌کانی کۆنگرێس کرد ڕه‌زامه‌ندی بده‌ن له‌سه‌ر به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی قه‌رز ، له کاتێکدا ئه‌و وڵاته له هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌بوونی که‌موکوڕی له هه‌فته‌ی داهاتوودا نزیک ده‌بێته‌وه.
له وتاری هه‌فتانه‌یدا ئه‌مرۆ شه‌ممه سه‌رۆک ئۆباما گوتی ده‌بێت هه‌ردوولا بگه‌ن به چاره‌سه‌رێكی مامناوه‌ند به‌ر له دوواکات که ڕۆژی 3 شه‌ممه‌ی داهاتووه ، به جۆرێک وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بتوانێت ئه‌وقه‌رزانه‌ی له سه‌ریه‌تی له کاتی خۆیدا بیداته‌وه.
گوتیشی لایه‌نه‌کان له گرفته‌که‌دا ئه‌وه‌نده له یه‌كه‌وه دوور نین و ئاکامی شکست هێنان له ڕێککه‌وتنێک بێ پاساو ده‌بێت.
ڕۆژی هه‌ینی کۆنگرێس که دیموکراته‌کان کۆنترۆڵی ده‌که‌ن ڕێگایان له پلانێک گرت بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی قه‌رز بۆ 14 ترلێۆن و 3 ملیار دۆلار.
ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ڕه‌زامه‌ندیدا له سه‌ر پرۆژه یاسایه‌ک که چه‌ند کاتژمێرێک له لایان جان به‌ینه‌ر پێشنیار کرابوو.
سه‌رۆک ئۆباما ده‌ڵێت پلانه‌که‌ی به‌ینه‌ر بۆ جارێکی دیکه ئابووری ده‌خاته‌وه ژێر سیاسه‌تی واشنتۆن له ڕیگای ناچارکردنی وڵات به که‌مکردنه‌وه‌ی ماوه‌ی قه‌یرانی قه‌رزه‌کان بۆ چه‌ند مانگێک.
پێشنیاره‌که داوای زیادکردنی ده‌ستبه‌جێی ئاستی قه‌رزکردنی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بۆ 900 ملیار دۆلار ده‌کات ، له‌به‌رامبه‌ردا زیاتر له 900 ملیار دۆلار له خه‌رجی له 10 ساڵی داهاتوودا که‌م ده‌کاته‌وه .
ئه‌مه ده‌بێته به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی قه‌رز بۆ جارێکی دیکه له سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوودا ، ئه‌گه‌ر واشنتۆن بتوانێت کار به که‌مکردنه‌وه‌ی خه‌رجکردنی زیاتر بکات.
له ووتاری هه‌فتانه‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌ی کۆمارییه‌کاندا سیناتۆر جان کێل گوتی کۆمارییه‌کان باوه‌ڕێکی یه‌کگرتوویان هه‌یه که به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی قه‌رز بێ که‌مکردنه‌وه‌ی خه‌رجی کارێکه به‌رپرسیاریتی تێدا نییه.
ڕێبه‌رانی دیموکراته‌کان له کۆنگرس داوایان له یاسادانه‌رانی کۆمارییه‌کان کرد پشتیوانی پلانه‌که‌ی سه‌رۆکی زۆرینه‌ی کۆنگرس هاری ریدس بکه‌ن ، بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی خه‌رجی حکومه‌ت به بڕی 2 ترلیۆن و 500 ملیار دۆلار ، هه‌روه‌ها به‌رزکردندوه‌ی ئاستی یاسایی بۆ ئه‌وه‌نده‌ی قه‌رزکردن که توانای هه‌بێت کاره‌کانی حکومه‌ت تا کۆتایی ساڵی 2012 به‌ڕێوه به‌رێت.