Accessibility links

دوایـین مشـتومڕی ڕاستەوخۆی سەرۆکایەتی ئەمشەوی چوارشەممە سازدەکرێت


ئەمشەوی چوارشەممە هەردوو کاندیدی سەرۆکایەتی ئەمەریکا هێلەری کلنتن و دۆناڵد ترەمپ سێـیەم و دواهەمین مشتومڕی ڕاستەوخۆی تەلەفیزیۆنی خۆیان ئەنجام دەدەن.

مشتومڕەکە لە کاژمێر 9 ی شەو بە کاتی واشنتنی پایتەخت لە زانکۆی نیڤادای شاری لاس ڤێگاسی ویلایەتی نیڤادا بەڕێوەدەچێت و ڕۆژنامەوان کریس واڵاس لە کەناڵی "فۆکس نیوز" بەڕێوەیدەبات و لە ڕێگەی کەناڵەکانی تەلەفیزیۆنەوە ڕاستەوخۆ پەخش دەکرێت.

بڕیارە مشتومڕەکە بۆ شەش بەش دابەشبکرێت و هەر یەکەیان 15 خولەکی بۆ تەرخانبکرێت و تیایدا قەسە لەسەر ژمارەیەکی زۆر بابەت بکرێت، لەوانە ئابوری و چۆنیەتی دەسـتنیشانکردنی دادوەرانی دادگای باڵای وڵاتەکە و تواناکانی ئەو کاندیدەی گونجاوە ببێتە سەرۆک. پـێشبینی دەکرێت دەیان ملیۆن کەس لە سەرانسەری ئەمەریکا بینەری بن، بەڵام سەختە بگاتە 84 ملیۆن بینەر کە لە مشتومڕی یەکەمدا هەبوون.

پـرۆسەی دەنگدانی گشتی لە 8 ی مانگی یازدە بەڕێوەدەچێت، واتە 20 ڕۆژی دیکە. هەتا ئێستا نزیکەی دوو ملیۆن ئەمەریکایی لە دەنگدانی پـێشوەخت دەنگی خۆیان داوە.

جگە لە هێلەری کلنتن کاندیدی دیموکراتەکان و دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆماریـیەکان، 5 کاندیدی دیکە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2016 دا هەن کە یەکێـکیان خانمە، ئەوانیش بریتین لە گاری جۆنسن لە پارتی لیبراڵ و خانم جێڵ شتاین لە پارتی سەوز و دارێڵ کاستڵ لە پارتی دەسـتوری و ئیڤان مەکمۆڵن کاندیدی سەربەخۆ و لۆرنس کۆتلیکۆف کاندیدی سەربەخۆ. بەڵام هیچ لەم کاندیدانە بنکەیەکی جەماوەری وەهایان نیـیە کە بتوانن ببنە ڕکابەری کلنتن و ترەمپ.

بەپـێی مامناوەندی ڕاوەرگرتنە گشـیتـیەکانی هەتا ئێسـتا ئەنجامدراون، هێلەری کلنتن کە پشـتیوانیـیەکی زۆری لێدەکرێت لە لایەن ژنان و کەمینەکاندا نزیکەی 46% ی خەڵکی بڕیاریان داوە دەنگی پـێ بدەن، بەڵام 39% خەڵکی دەڵێن دەنگ بە دۆناڵد ترەمپ دەدەن و 6.4% بە گاری جۆنسن.

XS
SM
MD
LG