یاسادانەرانی ئەمەریکا داوای لێکۆڵینەوە دەکەن لەو هێزەی پۆلیس کە پارێزگاری کۆنگرێس دەکات، پاش ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە لایەنگرانی ترامپ هوروژمیان بردە نێو باڵەخانەکە.
ئەو داواکارییە لەلایەن دوو دیموکراتەوە کراوە کە لە خولی نوێی کۆنگرێسدا ڕێبەرایەتی ئەو کۆمیتانە دەکەن چاودێری بودجەی پۆلیسی پایتەخت دەکەن.
سیناتۆر کرس مورفی دەڵێت " کۆمەڵێک گرتە ڤیدیۆیی بڵاوبوونەتەوە کە هەندێکیان نیگەرانی دروست دەکەن، ژمارەیەکیان قارەمانێتی نیشان دەدەن. ئێمە پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی تەواو بکەن لەسەر ئەوەی چۆن بەربەستەکان وەها بەخێرایی پیشێلکران."
ئەندامی کۆنگرێس تیم ڕیان ئاماژەی بە نەبوونی ئامادەکاری پێشوەخت کرد بۆ ئەو خۆپیشاندانەی لایەنگرانی سەرۆک دانۆڵد ترامپ لە ڕۆژی چوارشەممە کە پێشتر پلانی بۆدانرابوو.
ئەو گوتی " پێم وابێت زۆر ڕوونە کە ژمارەیەک کەس کارەکانیان لەدەست دەدەن، چونکە ئەمە شەرمەزارییە بۆ گێرەشێوێنەکان و سەرۆکیش وە هەروەها بۆ سەرهەڵدان و هەوڵی کودەتا، لەگەڵ ئەوەشدا پلانێکی پرۆفێشناڵ نەبووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوەی کە دەمانزانی چی ڕوودەدات."
ئەندامی کۆنگرێس ئیلهان عومەر ڕایگەیاند " ئێمە ملیاران دۆلار خەرخ دەکەن بۆ ئاسایشی نیشتمانی و ئەمڕۆ سەرکەوتوو نەبووین لە پاراستنی کۆنگرێسی وڵاتەکەمان لە دەست گێرەشێوێنەکان. مایەی قبوڵکردن نییە!"
زنجیرە ڕووداوەکانی ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ قسەکانی ترامپ بۆ لایەنگرانی لە نیوەڕۆ دەستی پێکرد کاتێک داوای لە لایەنگرانی دەکرد بەردەوامبن لە بەگژداچوونەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەوکاتەی کە ئەندامانی کۆنگرێس نزیکەی دووکیلۆمەتر دوور لەو شوێنەوە خەریکی ژماردنی دەنگی نوێنەران بە فەرمی پەسەندکردنی بوون.
ئەو گوتی " ئێمە بە شەقامی پێنسلڤانیا دەڕۆینە خوارەوە و دەڕۆینە کۆنگرێس... ئێمە هەوڵ دەدەین و شانازیی و پشتیوانی بە کۆمارییەکانمان ببەخشین بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان بگرنەوە دەست".
نزیکەی کاتژمێر 1:30 پۆلیسی کۆنگرێس لە ناو ئەنجومەنی نوێنەراندا بە خەڵکییان گوت و باڵەخانەی کتێبخانەی کۆنگێس کە نزیکە لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە چۆڵکرا. هەر پاش کاتژمێر 2 ی پاشنیوەڕۆ هۆشداری لەمەڕ " هەڕەشەی ئاسایشی ناوخۆیی لە بەردەرگای پێشوەی ڕۆژئاوای باڵەخانەی کۆنگرێس" ڕاگەیەندرا، هەر ماوەیەکی کورت پاش ئەوە هۆشدارییەکی تر درا لەسەر " هەڕەشەی ئاسیشی لە ناوەوەی باڵەخانەکە."
پاشان بە یاسادانەران و ستافەکان ڕاگەیەندرا خۆیان بشارنەوە دەرگاکان داخەن و لە پەنجەرەکان دووربکەونەوە.
ڕۆبێرت کانتی بەرپرسی پۆلیسی واشنتن و دەوروبەری ڕایگەیاند پۆلیسی پایتەخت لەوکاتەدا تەلەفۆنیان کردبو بۆ داوای هاوکاریکردن لێی.
لە چەند گرتەڤیدیۆیەکی ڕەفتارەکانی گێرەشێوێنەکان کە لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندندا بڵاوبوونەتەوە، دەبینرێت پۆلیسەکانی کۆنگرێس فشاریان بۆ چووە بەهۆی ئەو خەڵکە خۆرەی هوروژم دەبنە نێو باڵەخانەکە کە بەسەر بەربەستە بەرزەکاند سەردەکەون پاڵ بەو پۆلیسانەوە دەنێن کە هەوڵ دەدەن ڕێگەیان لێبگرن. گێرەشێوێنەکان هەڵگژان بە دیوارەکاندا لە کاتێکدا هەندێکی تر پەنجەرەکانیان شکاند و لەوێوە چوونە ژوورەوە.
ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و سینات لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنس، کە سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی بۆ پەسەندکردنی دەنگی نوێنەران دەکرد، گوازرانەوە.
گێرەشێوێنەکان چەند کاتژمێرێک لە ناو باڵەخانەکە مانەوە، ئەوان چوونە ئۆفیسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ناسی پیلۆسیش، شتومەک و دەرگاکانیان شکاندبوو بە لەوەی دەربکرێن.
نزیکەی کاتژمێر 6 ی ئێوارە، پۆلیسی کۆنگرێس بە هاوکاری پۆلیسی خۆجێهی و گاردی نیشتمانی و هێزی چەسپاندنی یاسای فیدراڵی، کۆنترۆڵی باڵەخانەکەیان کردەوە. کانتی گوتیشیپۆلیس تەقەی لە ژنێک کرد و گیانی لەدەستدا سێ کەسی تریش بەهۆی خراپی ڕەوشی تەندروستییانەوە گیانیان لەدەستدا.
هاوکات پۆلیس ڕایشی گەیاند 52 کەس دەستگیر کراون و 14 پۆلیسیش بریندار بوون.
شارەوانی واشنتن موریل باوسەر قەدەغەکردنی هاتوچۆی لە کاتژمێر شەشی ئێوارەوە ڕاگەیاند. نزیکەی 9 ی شەو یاسادانەران گەڕانەوە بۆ ناو کۆنگرێس و دەستیان بەدانیشتنەکەیان کردەوە.
شەوی چوارشەممە ئەندامی کۆنگریسی کۆماری کەیڵی ئارمسترۆنگ گوتی " لە کاتی گەڕانەوەم بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بە ناو کۆنگرێسدا گەڕام، پۆلیسی کۆنگرێس هێشتا لەوێن. ماندوون، خوێناوین، برینەکانیان پێچراوە. ئەوان ئەمڕۆ کاری خۆیان کرد و بە باشی کردیان. ئەواه هێشتا لێرەن. کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەپارێزن تا ئەنجومەنی نوێنەران و سینات بتوانن ئەرکی دەستوریی خۆیان بەجێ بگەیەنن."
سیناتۆری کۆماری میت ڕامنی لە تویتێکا سوپاسی پۆلیسی کۆنگرێس ، FBI، پاسەوانانی تایبەتی سەرۆکایەتی و گاردی نیشتمانی کرد و ستایشی پرۆفێشنالەتی و لێهاتوییانی کرد.
ئەو نوسیویە " سوپاستان دەکەین بۆ ئەوەی ڕۆژانە دەمانپارێزن و بەتایبەتی ئەمڕۆ."
ئەندامی کۆنگرێس ئێرل بلومناوەر، دیموکرات نوێنەری ئۆریگن، سوپاسی ئەوانەی کرد کە بە "قارەمانە ونبووەکانی" کۆنگریس ناودێری کردن.
ئەو گوتی " کارگوزارەکان، کارمەندانی کافیتێریا، و ستافی پشتیوانی شایستەی ئەوە نەبوون ئەمڕۆ بتۆقێنرێن. من سوپاسی هەموتان دەکەم."
لە پاش نیوەشەی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە FBI دوای لە خەڵکی کرد هەر وێنە یان گرتەڤیدیۆییەکی ڕووداوەکان یان هەر زانیارییەک لەسەر ئاژاوەکان هەبن بینێرن.
لە کاتێکدا بەردەم بەشی ڕۆژئاوای باڵەخانەی کۆنگرێس بۆ ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی جۆو بایدن لە 20 ی مانگی 1 ئامادە دەکرێت. شارەوانی واشنتن باوسەر گوتی باری نائاسایی هەتا 15 ڕۆژ درێژ دەکاتەوە بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی ئاسایشی و ئاشتی بپارێزرێت.
پاسەوانانی تایبەتی سەرۆک سەرۆکایەتی هەوڵەکانی ئاسایشی دەکەن بۆ ڕۆژی گواستنەوەی دەسەڵات، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لەلایەن چەندین ئاژانسی ترەوە هاوکاری دەکرێن وەکو پۆلیسی کۆنگرێس، پۆلیسی ناوچەی واشنتن و دەوروبەری، بەرێوەبەرایەتی ئاسمانی فیدراڵی و گاردی نیشتمانی.
پۆلیسی کۆنگرێسی ئەمەریکا بودجەکەی نزیکەی 460 ملیۆن دۆلارە و 2،300 پۆلیسی هەیە لەگەڵ کارمەندی سڤیلیش.