Accessibility links

بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ بڕیارێکی ئۆباما لە بارەی کۆچبەرانی نایاسایی هەڵدەوەشێنێتەوە

  • VOA News

بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ بڕیارێکی پـێشوی بەڕێوەبەرایەتی براک ئۆبامای سەرۆکی پـێشووی هەڵوەشاندەوە کە ڕێگەی دەدا بەو کەسانەی بە شێوەیەکی نایاسایی لە ساڵی 2010 وە هاتوونەتە ناو ئەمەریکا و منداڵیان لە وڵاتەکەدا بووە، بۆ ماوەی سێ ساڵ مۆڵەتی کارکردنیان بدەنێ.

وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ دوێنێ پـێنجشەممە لە ڕاگەیاندنێـکدا لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی جۆن کێڵی وەزیری وەزارەتەکەیان پاش ئەوەی ڕاوێژی بە وەزیری داد کردووە، بڕیارێـکی واژوکردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاداشتنامەی ناسراو بە DAPA کە لە 20 ی مانگی یازدەی ساڵی 2014 دەرچووە بۆ ڕاگرتنی ڕێوشوێنە یاسایـیەکان لە دژی ئەوانەی بە نایاسایی هاتوونەتە ئەمەریکا و لێرە منداڵیان بووە.

بڕیارەکە هەر لە سەردەمی براک ئۆباما سەرۆکی پـێشوو بە تەواوی جێبەجێ نەکرا، پاش ئەوەی 26 ویلایەت سکاڵای یاسایـیان لە دژی تۆمارکرد و دادوەرێکی فیدراڵی لە ویلایەتی تەکساس فەرمانی ڕاگرتنی جێبەجێکردنی دەرکرد.

بەڵام بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ بڕیارێـکی دیکەی براک ئۆبامای هێشتەوە کە ڕێگە بە مانەوەی ئەو کەسانە دەدات کە بە منداڵی بە نایاسایی هێنرابوون بۆ ئەمەریکا. بڕیارەکە ڕێگەیان پـێدەدات خوێندنیان تەواوبکەن و هەروەها کاربکەن و هەموو دوو ساڵ جارێـک مۆڵەتی مانەوەکەیان بۆ نوێ بکرێتەوە.

سەرۆک ترامپ لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەڵێنی دا ئەگەربێت و ببێتە سەرۆک ئەوا هەموو ئەو کۆچبەرە نایاسایـیانە ڕەوانەدەکاتەوە کە جێی مەترسین بۆ سەر ئاسایشی ئەمەریکا.

XS
SM
MD
LG