Accessibility links

دادگای باڵای ئەمەریکا داوایەکی سەرۆک ترامپ ڕەتدەکاتەوە


دادگای باڵای ئەمەریکا داوایەکی سەرۆک ترامپی ڕەتکردەوە سەبارەت بە بەرنامەی ناسراو بە داکا DACA ، ئەوەی لە بەرژەوەندی ئەو گەنجانەیە کە لە تەمەنی منداڵیـیەوە هێنراونەتە ئەمەریکا بە شێوەیەکی نایاسایی.

بەرنامەی داکا لە ساڵی 2012 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی براک ئۆباما سەرۆکی پـێشوو بڕیاری لەسەر دراوە بۆ ئەوەی ئەو گەنجانە کە بە نزیکەی 800 هەزار مەزەندە دەکرێن، بتوانن بە شێوەیەکی یاسایی درێژە بە خوێندنی خۆیان بدەن و مۆڵەتی کارکردنیان لە ئەمەریکا پـێبدرێت.

بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو بڕیارێکی دەرکرد بۆ ڕاگرتنی کارکردن بەو بەرنامەیە و ماوەی 6 مانگی بە کۆنگرێس دا تاوەکو بە چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ ئەم پـرسە بگەن.

بەڵام لە 9 ی مانگی یەک، ولیەم ئالسوپ دادوەری فیدراڵی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بڕیارەکەی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپی ڕاگرت و داوایکرد بەو شێوەیە کار بە بەرنامەکە بکرێتەوە هەر وەک چۆن بەر لە 5 ی مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو کاری پـێدەکرا.

دادگای باڵا ئەمڕۆ دووشەممە ئامادە نەبوو سکاڵاکەی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ لە بارەی بڕیارەکەی ئەو دادوەرە فیدراڵیـیە وەربگرێت، دەڵێت دەبێت لە پـێشدا دادگای پـیاداچوونەوە بڕیاری خۆی لەسەر بدات بەر لەوەی ڕەوانەی دادگای باڵا بکرێت.

کۆشکی سپی لە کاردانەوە بەرامبەر بڕیاری دادگای باڵا جارێکی دیکە دووپاتیکردەوە کە بەرنامەکە بە نایاسایی دادەنێت، وە هیوای خواست بە خێرایی بڕیارێک لەم بارەیەوە بدرێت.

دیموکراتەکان لای خۆیانەوە دەستخۆشیان لە دادگای باڵا کرد، بەڵام گوتیشیان پـێویستە بۆ ئەم بابەتە بە چارەسەرێکی سیاسی بگەن.

XS
SM
MD
LG