Accessibility links

سەرۆک ترامپ بڕیاری کۆتایی‌هێنان بە بەرنامەی DACA دەدات

  • VOA News

بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ هەنگاوی نا بە ئاڕاستەی کۆتایی‌هێنان بە بەرنامەی DACA ، ئەوەی نزیکەی 800 هەزار گەنجی بیانی دەپارێزێت لەوەی بۆ وڵاتەکانیان ڕەوانەبکەنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مۆڵەتی 6 مانگی بە کۆنگرێس داوە تاوەکو بڕیاربدات ئایا دەیانەوێت ئەم گەنجانە لە وڵاتەکەدا بمێننەوە یان نا.

جێف سێشینز وەزیری دادی ئەمەریکا ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە وەزارەتی داد بڕیارەکەی ڕاگەیاند و گوتی بەرنامەی DACA کۆتایی‌پـێهات، ئەوەی بە بڕیارێـکی سەرۆکی پـێشوو براک ئۆباما پـێنج ساڵ لەمەوبەر چووە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

ئەم بەرنامەیە دانرابوو بۆ پاراستنی ئەوانەی لە تەمەنی منداڵیدا لەگەڵ خێزانەکانیان لە وڵاتانی دیکەوە بە شێوەی نایاسایی هاتوون بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. یاساکە لەو ڕوانگەیەوە دانرابوو ئەم کەسانە تاوانیان نییە بەو پـێـیەی منداڵ بوون کاتێک بە شێوەیەکی نایاسایی هێنراون بۆ ئەمەریکا.

سەرۆک ترامپ دەڵێت ئەو نایەوێت سزای ئەو کەسانە بدات لەسەر ڕەفتاری باوانیان، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستیە بزانرێت کە ئەمەریکا وڵاتی یاسایە.

ئەم بڕیارەی سەرۆک ترامپ ناڕەزایی لێکەوتووەتەوە و کاربەدەستان لە هەردوو ویلایەتی واشنتن و نیویۆرک بڕیاریان داوە سکاڵای یاسایی لە دژی تۆماربکەن.

ئێریک شنایدرمان داواکاری گشتی نیویۆرک لەم بارەیەوە گوتی ئەمە بڕیارێـکی توندی بێ پاساوە، وە وێرانکەر دەبێت بۆ دەیان هەزار کەسی دانیشتووی نیویۆرک. گوتیشی سکاڵایەک تۆمار دەکات تاوەکو پارێزگاری لەو گەنجانە بکات.

XS
SM
MD
LG