Accessibility links

کۆشکی سپـی دەڵێت کوبا دەیتوانی هێرشی سەر دیپلۆماتانی ئەمەریکایی لە وڵاتەکەی ڕابگرێت

  • VOA News

کۆشکی سپی دەڵێت کوبا وەک پـێویست ڕێوشوێنی نەگرتبووەبەر بۆ ڕێگەگرتن لەو زنجیرە هێرشە ئاڵۆزانەی لەوەتای ساڵی 2016 وە هەتا ئەمساڵ کراونەتە سەر دیپـلۆماتانی ئەمەریکایی لە هاڤای پایتەخت.

جۆن کێڵی گەورە فەرمانبەری کۆشکی سپی ئەم تێبینیەی خستە ڕوو پاش ئەوەی پـرسیاری لێکرا" ئایا سەرۆک ترامپ پـێیوایە حکومەتی کوبا ڕاستەوخۆ بەرپـرسبێت لەو هێرشانەی کراونەتە سەر ئەمەریکایـیەکان؟"

کێڵی گوتی"پـێمانوایە حکومەتی کوبا دەیتوانی ئەو هێرشانە لەسەر دیپـلۆماسیـیەکانمان ڕابگرێت."

بەڵام ئەم گەورە کاربەدەستەی کۆشکی سپی، حکومەتی کوبای بە ئەنجامدەری هێرشەکان تاوانبارنەکرد.

جێی ئاماژەیە کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن پـێـیانوایە 22 دیپـلۆماتی ئەمەریکایی کە لە کۆبا کاریان کردبوو، بە ئامێری دروستکردنی دەنگی تایبەت دووچاری چەند نەخۆشیـیەک کراون، لەوانە ئازار لە ناو گوێدا و کەڕبوون و سەرئێشە و گێژخواردن و کێشەی بیرکردنەوە و خەوزڕاندن.

دەشڵێن دوایـین هێرش لە مانگی هەشتدا کراوە.

ئەمەریکا لە مانگی هەشتەوە دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لەم بارەیەوە و پاشان لە کۆتایی مانگی نۆ وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر ئەو هێرشانە بڕیاری کشانەوەی نیوی ستافە دیپـلۆماسـیەکەی لە کوبا دا و هەروەها بڕیاری دەرکردنی 15 دیپـلۆماسی کوبای لە واشنتن دا.

XS
SM
MD
LG