ئەمەریکا ڕایگەیاند گرێبەستێکی 232 ملیۆن دۆلاری لەگەڵ کۆمپانیای ( ئیلۆم ) ی ئوستڕالیدا واژۆ کردووە بۆ کڕینی ئامێری پشکنینی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنا کە دەتوانرێت لە ماڵەوە و بەبێ ڕێنمایی تەندروستی ئەنجام بدرێت.
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیدا " 231,8 ملیۆن دۆلار دراوە بە کۆمپانیای ئیلۆم تاوەکو ئامێری پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە تایبەتی بۆ ئەمەریکا بەرهەم بهێنێت کە دەتوانرێت لە ماڵەوە ئەنجام بدرێت."
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەداوە ئەم گرێبەستە ڕێگە بە ئیلۆم دەدات بەرهەمهێنانی ئامێری پشکنینەکە بۆ ئەمەریکا زیاتر بکات و تاوەکو مانگی دوانزە ڕۆژانە 540 هەزار ئامێر بەرهەم بهێنێت. ئاماژەشی بەوەدا ئەمەریکا بەپێی گرێبەستەکە 8.5 ملیۆن ئامێر وەردەگرێت.
ڕاوێژکاری کۆشکی سپی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاندی سلاڤیت بە ڕۆژنامەنووسانی وت " کۆمپانیای ئیلۆم بەرهەمەکانی زیاد کردووە و لە مانگی دووەوە بۆ مانگی حەوت مانگانە سەد هەزار ئامێری پشکنین ڕادەستی ئەمەریکا دەکات، ئەوە شتێکی باشە بەڵام بەس نیە."
سەرچاوە/ فرانس پرێس