بەپێی ئامارێکی ڕۆیتەرز ئەمەریکا ژمارەیەکی پێوانەیی لەسەر ئاستی جیهان تۆمارکرد لەکاتێکدا ڕۆژی دووشەممە لەو وڵاتەدا نزیکەی 1 ملیۆن کەس توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، ئەمەش دوو هێندەی ئەو ژمارەیەیە کە هەفتەی ڕابردوو تۆمارکرا.
بەپێی داتاکانی ڕۆیتەرز، ژمارەی توشبووان لە نەخۆشخانەکاندا بە ڕێژەی لە سەدا 50 زیادیکردووە، لە ئێستادا زیاتر لە 100,000 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.
ڕۆژی دووشەممە 978,856 حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمەریکا تۆمارکراوە، لە مانگی دوانزە و سەرەتای مانگی یەکەوە ڕۆژانە نزیکەی 1300 کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئەمەریکا گیانیان لەدەستداوە.
ناوەندەکانی کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگریکردن لە نەخۆشیە گوازراوەکانی ئەمەریکا دەڵێت جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر خێراتر لە جۆرەکانی دیکەی ڤایرۆسەکە دەگوازرێتەوە، ڤایرۆسەکە بەرپرسە لە لە سەدا 95.4 ی حاڵەتەکانی توشبوون لە ئەمەریکادا.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی سێشەممە وتی بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەدەن ئەوانەی توشی ئۆمیکرۆن دەبن نەخۆشیەکەیان سووکترە، بەڵام بەرپرسانی تەندروستی گشتی هۆشدارییان داوە لەسەر ئەوەی زۆربوونی ژمارەی توشبوون بە ئۆمیکرۆن هەڕەشە لە قەرەباڵغبوونی نەخۆشخانەکان دەکات، کە لە ئێستادا کۆشش دەکەن لە مامەڵەکردن لەگەڵ زیادبوونی نەخۆشەکانی کۆرۆنادا، زۆرینەی ئەوانەشی توشی ڤایرۆسەکە بوون ئەوانەن کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز