دوای چەندنین مانگ لە هەوڵ و کۆشش بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەسەر هەر شتێک لە کۆنگرێسی دابەشبووی ئەمەریکادا، یاسادانەران دەگەڕێنەوە بۆ کۆنگرێس بە مەبەستی ئەوەی هەوڵ بدەن ڕێگری لە داخستنی حکومەت بکەن، تەنانەت لە کاتێکیشدا کە کۆمارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا تاوتوێی ئەوە دەکەن کە ئایا بەردەوام بن لە هەوڵەکانییان لە پرسی ئاڕاستەکردنی تۆمەتی فەڕمی دژی سەرۆک جۆو بایدن یاخود نا.
ڕێوشوێنێکی کورتخایەنی دابینکردنی پارە بۆ هێشتنەوەی ئۆفیسەکانی حکومەت بە کراوەیی و کارایی و ئەو بودجەی فریاگوزارییەی کە بۆ ئۆکرانیا تەرخان کراوە و سندووقەکانی فریاگوزاری فیدڕاڵی کارەساتەکان و لێکۆڵینەوەکانی کۆمارییەکان سەبارەت بە مامەڵە بازرگانییەکانی هەنتەر بایدن، بابەتە سەرەکییەکانی کارنامەی مانگی نۆی کۆنگرێس دەبن.
کۆنگرێسی ئەمەریکا کاتی ئەوەندە لەبەردەستدا نەماوە. بڕیارە ئەنجومەنی نوێنەران تەنها بۆ ماوەی 11 ڕۆژ کۆببێتەوە پێش ئەوەی ساڵی دارایی حکومەت لە 30 ی مانگی نۆدا کۆتایی بێت، ئەوەش وادەکات بوارێکی کەم بۆ کارەکان بمێنێتەوە.
سەرۆک و ڕابەرانی دوو ئەنجومەنەکەی کۆنگرێس، بە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کێڤن مککارثی کۆماریشەوە، سەنگییان خستووەتە سەر پەسەندکردنی ڕێوشوێنێکی دارایی کە چەند مانگێک بخایەنێت، کە بە بڕیارێکی بەردەوام ناسراوە، ئەوەش بۆ هێشتنەوەی کارکردنی ئۆفیسەکانی حکومەت، لە هەمان کاتیشدا یاسادانەران لەسەر بودجەیەک ڕێکبکەون. ئەمە هەنگاوێکە کە کۆنگرێس بە شێوەیەکی ڕۆتینی دەیگرێتەبەر بۆ خۆبەدوورگرتن لە وەستانی کارەکان. بەڵام مککارثی کۆماریی ڕووبەڕووی بەرهەڵستی بووەتەوە لە نێو پارتەکەی خۆشیدا، لەوانەش هەندێک لەو پارێزگارە توندڕەوانەی کە بە ئاشکرا پشتگیری لە بیرۆکەی داخستنی حکومەت دەکەن.
هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی کەمینەی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا میچ مککۆنێڵ وتی " بە ڕاستی ئەوە پشێوییەکی زۆر گەورەیە."
هێشتنەوەی حکومەت بە کراوەیی یەکێک دەبێت لەو پرسە سەرەکییانەی کە یاسادانەرانی کۆنگرێسی ئەمەریکا دوای پشووەکەی مانگی هەشتییان گەڕاونەتەوە تاوەکو مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.
کاتێک لە مانگی شەشدا سەرۆک بایدن و مککارثی ڕێککەوتن لەسەر هەڵوەشاندنەوەی سەقفی قەرزەکانی وڵاتەکە، هەڵوەشاندنەوەی بڕگەکانی ژمارەی خەرجییەکانیشی لەخۆگرت. بەڵام لە ژێر فشاری کۆمەڵەی ئازادی ئەنجومەنی نوێنەراندا، کۆمارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران پڕۆژە یاسای خەرجییەکانییان بەرەوپێشەوە برد.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا