ڕابەرانی کۆنگرێسی ئەمەریکا و کۆشکی سپی ڕێکەوتن لەسەر تەرخانکردنی نزیکەی 500 ملیار دۆلاری دیکە بۆ قەیرانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئابووری ئەمەریکا، بەمەش کۆی ئەو بڕە پارەیەی بۆ قەیرانەکانی کۆرۆنا تەرخانکراوە گەیشتە نزیکەی 3 تریلیۆن دۆلار.
سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ داوای کرد بەخێرایی ڕێکەوتنەکە جێبەجێ بکرێت و پەسەند بکرێت.
ڕابەری کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا میچ مککۆنێڵ لە بەیاننامەیەکدا وتی " پێشوازی لەم ڕێکەوتنە دەکەم و هیوادارم ئەنجومەنی سینات بەخێرایی پەسەندی بکات."
ڕێکەوتنەکە 321 ملیار دۆلار تەرخان دەکات بۆ کارە بچووکەکان و ئەو پڕۆگرامانەی قەرز دەدەن، 50 ملیار دۆلار تەرخان دەکات بۆ پڕۆگرامی دابینکردنی قەرز بۆ پێداویستی کارەساتە بەپەلەکان، 75 میلیۆن دۆلاری دیکەش بۆ نەخۆشخانەکان و 25 ملیاریش بۆ پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
ئەم ڕێکەوتنە چوارەمین ڕێکەوتنی گەورەی حکومەتی فیدڕاڵی ئەمەریکا دەبێت بۆ تەرخانکردنی بڕی پارەی پێویست بەمەبەستی کەمکردنەوەی ئەو زیانانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەر ئابووری وڵاتەکە کەوتوون و زیاتر لە 42,000 هاوڵاتی ئەمەریکی بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 22 ملیۆن هاوڵاتی بەهۆیەوە کارەکانیان لەدەستداوە.
سەرۆک ترامپ سەبارەت بە یارمەتیدانی ویلایەتەکانی ئەمەریکا وتی " دوای ئەوەی ئەم ڕێکەوتنە واژۆ دەکەم، دواتر دەست دەکەین بە تاوتوێکردنی ڕێکەوتنێکی دیکە سەبارەت بە دابینکردنی یارمەتی بۆ ویلایەت و حکومەتە ناوخۆییەکان و وەبەرهێنانەکان لە ژێرخانی ئابووریدا."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز