Accessibility links

بڕیارە ئەمڕۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا سەرکەوتنی ترامپ لە هەڵبژاردنەکاندا پشتڕاستبکاتەوە


بڕیارە کۆنگرێسی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە کۆببێەوە بە مەبەستی پەسەندکردنی سەرکەوتنی دانۆڵد ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا بەسەر کامڵا هێرس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا.

بەپێی یاسا دەبێت جێگری سەرۆک سەرپەرشتی پرۆسەی پەسەندکردنەکە بکات، ئەمەش وەها دەکات هێرس بکەوێتە پێگەیەکەوە کە شایەتی لەسەر دۆڕاندنی خۆی بدات.

پێشتر ئەم پرۆسەیە ئەرکێکی ئاسایی کۆنگرێس بوو، بەڵام چوار ساڵ لەمەوبەر پشێوی لێکەوتەوە کاتێک لایەنگرەکانی ترامپ هەڵیانکوتایە سەر بینای کۆنگرێس و نزیکەی 140 پۆلیس برینداربوون و ناو بینای کۆنگرێس شێوێندرا و یاسادانەرانیش ناچاربوون لە پێناو سەلامەتییان شوێنی پارێزراو بۆخۆیان بدۆزنەوە.

ئەوەی چوار ساڵ لەمەوبەر ڕوویدا پێشبینی ناکرێت ڕۆژی دووشەممە ڕووبداتەوە، لە کاتێکدا کە هێرس دانیناوە بە شکستەکەیدا و سەرۆک جۆو بایدنیش جەختی کردووەتەوە پرۆسەکە بە ئاشتییانە بەڕێوەبچێت.

بایدن ڕۆژی یەکشەممە لە کۆشکی سپی وتی ئەوەی لە 6 ی مانگی یەکی ساڵی 2021 دا ڕوویدا " یەکێک بوو لە سەختترین ڕۆژەکان لە مێژووی ئەمەریکادا."

وتی " دەبێت بگەڕێنەوە وەک پێشوو ئاساییانە دەسەڵات ڕادەستبکرێت."

وتیشی ئەو ڕەفتارانەی ترامپ چوار ساڵ لەمەوبەر کردی، کە دەیوت لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتووە " مەترسییەکی ڕاستەقینە بوو بۆ دیموکراسی."

وتی " من ئومێدم هەیە کە ئێستا ئەوەمان تێپەڕاندووە."

زیاتر لە 1500 کەس تۆمەتبارکران بەوەی لە 6 ی مانگی یەکی ساڵی 2021 هەڵیانکوتایە سەر بینای کۆنگرێس. ترامپ بەڵێنیداوە بە خێرایی دوای ئەوەی لە 20 ی مانگی یەکدا وەکو سەرۆک دەستبەکاردەبێت، بڕیاری لێخۆشبوون دەربکات.

XS
SM
MD
LG