کۆنگرێسی ئەمەریکا پلانێکی 900 ملیار دۆلاری پەسەند کرد بۆ پشتیوانیکردنی ئابووری وڵاتەکە و یارمەتیدانی هاوڵاتیانی ئەمەریکی و کۆمپانیاکان کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە زیانیان بەرکەوتووە.
هەردوو ئەنجومەنی سینات و نوێنەرانی ئەمەریکا بە زۆرینەی دەنگ پلانەکەیان پەسەند کرد و ئێستا ڕەوانەی سەرۆک ترامپ دەکرێت تاوەکو پەسەندی بکات و ببێتە یاسا و جێبەجێ بکرێت.
ڕابەری دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سینات چەک شومەر پێش دەنگدانەکە وتی " ئەمە پرۆگرامێکی فریاکەوتنە، پڕۆگرامێکە بۆ ڕزگاربوون."
چەند مانگێک دوای دانوستانەکانی نێوان دیموکراتەکان و کۆمارییەکان، یاسادانەرانی ئەمەریکا گەیشتنە ڕێکەوتنێک بۆ یارمەتیدانی ئەو خێزانانەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها یارمەتیدانی کۆمپانیا و خوێندنگاکان.
لەم مانگانەی دواییدا دیموکراتەکان و کۆمارییەکان یەکتریان تۆمەتبار دەکرد بە تۆمەتی کۆسپ خستنەبەردەم پلانی دووەمی یارمەتیەکان. بەهۆی ئەوەشەوە کە ژمارەیەکی پێوانەیی توشی پەتای کۆرۆنا دەبن لە ئەمەریکا و زیادبوونی ژمارەی بێکاری لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، ئابووری وڵاتەکە زیانێکی مەترسیداری بەرکەوتووە.
باوەڕوایە ئەم پلانەی ئێستا بۆ یارمەتیدانی کۆمپانیاکان و بێکاران پێویست بێت بۆ بوژاندنەوەی ئابووری ئەمەریکا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز