زیاتر لە مانگێک پێش هێرشە کوشندەکەی سەر بنکەیەکی ئەمەریکا لە ئوردن کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازیی ئەمەریکایی، وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوید ئۆستن دڵنیاییدابووە هێزەکانی ئەمەریکا سەبارەت بەوەی کە توانا سەربازییەکانیان بەرگەی هێرشی گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران دەگرن.
لوید ئۆستن لە لێدوانێکی ڕانەگەیەندراودا بۆ کەشتیوانەکانی سەر کەشتی فڕۆکە هەڵگری جیڕاڵد ئاڕ فۆرد لە 20 ی مانگی دوانزەدا وتبووی هۆکاری سەرەکی ئەوەی کە گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران ئەوەندە شکستییان هێناوە ئەوەیە کە ئەوان زۆر باش و لێهاتوو نین لەو کارەدا کە دەیکەن.
ئۆستن بە کەشتیوانەکانی وت " هەموو ڕۆژێک بریکارەکانی ئێران تەقە لە هێزەکانمان دەکەن لە عێراق و سوریا. بە هیچ شێوەیەک تەقەکانییان کاریگەر نەبوون، ئەوەش لەبەر دوو هۆکار "یەکەمەیان ئەوەیە ئەوان زۆر باش نین لەوەدا کە دەیکەن."
وتیشی " بەڵام هۆکاری دووەم ئەوەیە کە ئێمە زۆر شتمان کردووە بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە لەوەی بە شێوەیەکی گونجاو هێزەکانمان بپارێزین، دواجار وەکو هەموومان دەزانین، لەوانەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان شانسییان هەبێت و زیان بگەیەنن بە هێزەکانمان. بەڵام لەسەر پێکانمان دەوەستین و دڵنیا دەبینەوە لەوەی کە ئەوە ڕوونەدات."
لە نێوەندی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانییەکەدا بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و کوژرانی سێ سەربازیی ئەمەریکایی، بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بەڵێن دەدات هەرچی پێویست بێت بیکات بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمەریکا لە پەرەسەندنی بازنەی توندوتیژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە تێیدا گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق و ئوردن و دەرەوەی کەناری یەمەنەوە لە دەریای سوور تەقەیان لێدەکەن.
بەڵام بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمەریکا بە ڕۆیتەرزییان وتووە سەرکەوتنی ماوە بە ماوەی گروپە چەکدارییەکان لە هێرشەکاندا ڕەنگە نەتوانرێت خۆتی لێبەدووربگریت، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوان و موشەک و ڕۆکێتانەی کە ئاڕاستەی هێزەکانی ئەمەریکا دەکرێن و ئەو ڕاستییەی کە بەرگرییەکانی ئەو بنکانەی کە هێزەکانی ئەمەریکایان تێدایە ناتوانن لە سەدا 100 بە تەواوەتی هەموو کاتێک کاریگەر بن.
شارەزایان هۆشداریش دەدەن لەسەر بە کەم زانینی توانای گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران، تەنانەت لە کاتێکدا کە زۆربەی هێرشەکانیشیان شکست دەهێنن.
چاڕڵس لیستەری ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بنکەکەی لە واشنتنە باس لەوە دەکات کاتێک سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا باراک ئۆباما لە ساڵی 2014 دا ڕێکخراوی داعشی بە هەڵبژاردەی تیمێکی بچووک ناودەبرد، تەنانەت لە کاتێکدا کە داعش توانا و هێزی کۆدەکردەوە.
لیستەر وتی " ئەگەر بە شێوازی ئۆباما بڵێیت ئەوان تەنها هەڵبژاردەی تیمێکی بچووکن و دەتوانین مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین و بزانیت کە هیچ شتێکی مەترسیدار ڕوونادات، ئەوە بە تەواوەتی ساویلکەییە. ئەم گروپانە هێرشی ئاسمانی ئاڵۆزییان لە سنووری وڵاتێکەوە کردووەتە سەر وڵاتێکی دیکە، هەروەها مێژوویەکی کوشندەیان هەیە دژی هێزەکانی ئەمەریکا."
سەبارەت بە لێدوانەکانی ئۆستن، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پات ڕایدەر وتی ئۆستن توڕەیە و بە تەواوەتی دڵگران بوو بە کوژرانی سەربازەکان لە ئوردن و " هیچ ئەرکێکی باڵاتری نیە جگە لە پاراستنی هێزەکانمان و گرنگیدان بە خەڵکەکەمان نەبێت."
لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە لە غەززە لە مانگی 10 دا، تاوەکو 7 ی مانگی دوو، زیاتر لە 168 هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا و ئوردن. ئەوەش بووەتە هۆی بریندار بوونی 143 سەربازی ئەمەریکایی.
بەڵام خراپترین هێرشییان لە 28 ی مانگی یەکدا بوو کاتێک بنکەیەکی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئوردن بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کرایە ئامانج و سێ سەربازیی ئەمەریکایی کوژران.
ئەمەریکاش لە وەڵامدا هێرشی ئاسمانی کردە سەر پێگەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەو گروپە چەکدارییانەی عێراق و سوریا کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت. ڕۆژی چوارشەممەش لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا لە بەغداد فەرماندەیەکی گروپی چەکداری کەتائیب حیزبوڵا کوژرا.
ڕایدەر وتی " سوپا بەردەوامە لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی هێزەکانمان، هەروەها بەردەوام هەڵسەنگاندن بۆ ڕێوشوێنەکانی پاراستنی هێزەکانمان دەکات."
بەرپرسێکی سەربازیی پێشووی ئەمەریکا وتی " ئێران دەتوانێت ئەگەر بیەوێت ئەم هێرشانە ڕابگرێت. بەڵام بۆچی ڕایبگرێت؟ بە وەڵامەکەی ئێمە زیانییان پێنەگەیشتووە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز