Accessibility links

ئەمەریکا سەرکۆنەی هێرشەکەی مالی دەکات کە بووە هۆی کوژرانی 31 کەس


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت وڵاتەکە " بە توندی سەرکۆنەی " هێرشێکی کۆمەڵێک چەکدار دەکات بۆ سەر پاسێک لە ناوەڕاستی مالی کە بووە هۆی کوژرانی لانی کەم 31 کەس و برینداربوونی 17 کەسی دیکە.

ڕۆژی هەینی کۆمەڵێک چەکداری نەناسراو تەقەیان لە پاسێک کرد کە لە گوندی سۆنگۆوە بەرەو بازاڕێک لە باندیاگرا دەڕۆیشت.

گوندەکە لە ناوەڕاستی ناوچەی مۆپتیدایە کە ئەو ناوچەیە ناوەندی توندوتیژییەکانی مالیە و گروپەکانی سەر بە ئەل قاعیدە و داعش بەرپرسن لە توندوتیژییەکان تیایدا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس وتی " ئەمەریکا بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر هاوڵاتیانی مەدەنی دەکات لە نزیک باندیاگارا لە مالی، کە بووە هۆی کوژرانی 31 کەس و برینداربوونی 17 کەسی دیکە."

پڕایس وتیشی " پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خەڵکی مالی دەکەین و بەردەوام دەبین لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵیاندا بۆ پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی داهاتوویەکی پارێزراو و پڕ لە خۆشگوزەرانی و دیموکراسی."

لەلایەکی دیکەوە دەزگای هەواڵی فرانس پرێس ئاماژەی بەوەدا ڕۆژی یەکشەممە دوو تەقینەوە کامپەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە شاری گۆوی باکووری مالی هەژاندووە، زیانی مادیی هەبووە بەڵام زیانی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.

تەقینەوەکانی بەرەبەیان بنکەکانی شاندی نەتەوە یەکگرتووەکانییان لە مالی هەژاندووە، سوپای فەڕەنسا وتی تەنها زیانی ماددی لێکەوتۆتەوە، وتیشی هیچ زانیارییەکیان نیە سەبارەت بەوەی چی لایەنێک بەرپرس بووە لەو تەقینەوانە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG