Accessibility links

کۆشکی سپی دەڵێت ئەمەریکا نیگەرانە سەبارەت بە ڕووداوەکانی تونس


سەرۆکی تونس قەیس سەعید
سەرۆکی تونس قەیس سەعید

وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی وتی ئەمەریکا نیگەرانە سەبارەت بە ڕووداوەکانی ناوخۆی تونس و داوای ئارامی دەکات لە وڵاتەکەدا، وتیشی ئەمەریکا لە پەیوەندییدایە لەگەڵ ڕابەرانی تونسدا.

ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی تونس قەیس سەعید بە یارمەتی سوپای وڵاتەکە حکومەتی وڵاتەکەی لەکارلابرد و کارەکانی پەرلەمانی ڕاگرت، ئەم هەنگاوەی قەیس سەعید لەلایەن حیزبە سەرەکیەکانی وڵاتەکەوە بە ئیسلامیەکانیشەوە بە کودەتا ناودێر کرا و سەرکۆنەیان کرد.

ساکی وتی " ئێمە نیگەرانین سەبارەت بە ڕووداوەکانی تونس."

وتیشی " لەسەر ئاستی کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش لە پەیوەندیداین لەگەڵ ڕابەرانی تونسدا تاوەکو لەسەر بارودۆخەکە بزانین، هەروەها داوای ئارامی و پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی تونس دەکەین بۆ ئەوەی بەپێی بنچینە دیموکراسیەکان بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێن."

ساکی ئاماژەشی بەوەدا کۆشکی سپی بڕیاری لەسەر ئەوە نەداوە ئەم هەنگاوەی سەرۆکی تونس کودەتا بووە یاخود نا، وتیشی چاوەڕێ دەکرێت بەرلەوەی هەر بڕیارێک لەسەر ئەو بابەتە بدرێت، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا شیکارییەکی یاسایی بۆ ڕووداوەکان بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG