دەزگاکانی پۆلیسی ئەمەریکا ڕێوشوێنەکانی ئاسایشییان پتەوتر کردووە بۆ پاراستنی کۆمەڵگە موسوڵمان و جووەکانی ناو ئەمەریکا، ئەمەش پێش ڕوودانی پێشبینیکراوی خۆپیشاندانەکان بۆ لایەنگریکردن لە فەڵەستین، بەڵام داواشییان لە هاووڵاتییان کردووە بەردەوام بن لە کاری ئاسایی ڕۆژانەی خۆیان.
پۆلیسی دوو شاری بەناوبانگی ئەمەریکا، نیویۆرک و لۆس ئانجلس، ڕایانگەیاند ئەرکەکانی پۆلیس زیاتر دەکەن، بە تایبەتی لە دەوروبەری پەرستگاکان و ناوەندەکانی کۆمەڵگەی جووەکان. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی بەرپرسان ئاماژەیان بەوەدا ئاگاداری هیچ هەڕەشەیەکی دیاریکراوی متمانەپێکراو نین.
پارێزگاری ویلایەتی نیویۆرک بە ڕۆژنامەنووسانی وت "هیچ هۆکارێک نیە بۆ ترس و نیگەرانی. پێویست ناکات هیچ کەس هەست بەوە بکات پێویستە کاری ڕۆژانەی ئاسایی خۆی ڕابگرێت."
ئێریک ئادەمز سەرۆکی شارەوانی شاری نیویۆرکیش وتی ئۆفیسەکەی فەرمانی بە پۆلیس کردووە "سەرچاوەی دیکەی زیاتر بەکاربهێنن بۆ پاراستنی قوتابخانە و شوێنەکانی پەرستن، ئەوەش بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لەوەی پارێزراو بن و شارەکەمان وەکو شاری ئاشتی بمێنێتەوە."
ئادەمز وتی بە یەکسانی لە کۆمەڵگە موسوڵمانەکان و جووەکاندا ئەرکی ئێشکگری پۆلیس زیاد دەکرێت.
هێرشە کوشندەکەی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 1300 کەس لە ئیسڕائیل و دەیان کەسی دیکەش بە بارمتە گیراون. بەرپرسانی تەندروستی فەڵەستینییەکانیش دەڵێن بۆردومانە چڕەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر غەزە بووەتە هۆی کوژرانی 1799 کەس و برینداربوونی 6,388 کەسی دیکە.
ڕۆژی هەینی سەرکردەی پێشووی حەماس خالید میشعەل داوای خۆپیشاندانی کرد لە جیهانی موسوڵماناندا بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە فەڵەستینییەکان.
بەرپرسانی نیویۆرک دەڵێن ئامادەکاری دەکەن بۆ لانیکەم یەک خۆپیشاندانی گەورە کە پلانی بۆ داندراوە لە گۆڕەپانی تایمزی شارەکە بەڕێوەبچێت.
سەرۆکی پۆلیسی نیویۆرک جۆن چێڵ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " سەرجەم ئەندامانی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی نیویۆرک بە جلوبەرگی سەربازییەوە ئامادە دەبن." گوتیشی " لێبووردنمان نابێت بۆ هیچ ڕەفتارێکی ڕق و پشێوی. بە خێرایی بەرپەرچی دەدرێتەوە و ئامادە دەبین."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز