Accessibility links

جینا هاسپـڵ وەک یەکەم ژن لە مێژووی ئەمەریکا لە پـۆستی سەرۆکی CIA دەست‌بەکاردەبێت


جینا هاسپـڵ وەک سەرۆکی دەزگای موخابەراتی ئەمەریکا CIAسوێندی فەرمی خوارد، بەمەش بووە یەکەم ژن لە مێژووی ئەمەریکا ئەم پـۆستە گرنگەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بگرێتەدەست.

هەریەک لە سەرۆک ترامپ و مایک پـێنس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ئەمڕۆ دووشەممە ئامادەی مەراسیمی سوێندخوارنەکە بوون کە لە بارەگای دەزگای CIA لە ناوچەی لانگلی ویلایەتی ڤێرجینیا بەڕێوەچوو.

خانم جینا هاسپـڵی تەمەن 61 ساڵ ماوەی 33 ساڵە لەو دەزگایە کاردەکات و ئێستا شوێنی مایک پەمپـێو دەگرێتەوە کە لە کۆتایی مانگی ڕابردووەوە پـۆستی وەزارەتی دەرەوەی گرتەدەست.

سەرۆک ترامپ لە مەراسیمی سوێندخواردنەکە گوتی جینا خانمێکی توندە و زۆر بەهێزە و کاتێک مەسەلەیەک پەیوەندی دەبێت بە بەرگریکردن لە ئەمەریکا ئەو هەرگیز پاشگەز نابێتەوە. گوتیشی پـیاوان و ژنانی ئەم دەزگایە شایستەی ئەوەن کەسێکی وەها بەتوانا سەرۆکایەتیـیان بکات.

جێی ئاماژەیە ئەنجومەنی سینات ڕۆژی پـێنجەشەممەی ڕابردوو دەسـتنیشانکردنی خانم جینا هاسپـڵی بۆ ئەم پـۆستە هەستیارە پەسەندکرد، هەرچەندە هەندێک لە یاسادانەران تێبینیـیان لەسەری هەبوو بەهۆی بەشداریکردنی لە شێوازێکی توندی لێکۆڵینەوە لەگەڵ گومانبارانی هێرشە تێرۆرستیـیەکاندا.

XS
SM
MD
LG