Accessibility links

سەرۆکی CIA ئاگاهی دەدات لەوەی داعش پەنا بۆ شەڕی چەتەگەری ببات


سەرۆکی دەزگای CIA ئاشکرای کرد کە داعش هەوڵ دەدات چەکدارانی خۆی ڕەوانەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بکات و هەروەها لایەنگرانی خۆی لە ڕۆژئاوا هان بدات تاوەکو هێرشی تاکە کەسی و چەتەگەری ئەنجام بدەن بە هاوشێوەی ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە لە ئۆرلاندۆی ویلایەتی فلۆریدا ڕوویدا.

جۆن برێنان ئەمڕۆ پـێنجشەممە ئەمەی لە بەردەم کۆمیتەی هەواڵگری ئەنجومەنی سینات ڕاگەیاند و گوتی لەو بڕوایەدایە داعش مەشق و ڕاهێنان بە چەکدارەکانی دەکات تاوەکو ڕەوانەیان بکات بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرش لە وڵاتانی ڕۆژئاوا. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ڕەنگە داعش چەکدارە بیانـیەکانی خۆی ڕەوانەی ڕۆژئاوا بکات.

پاشان ئەم بەرپـرسەی ئەمەریکا کە یەکێـک لە دەزگا هەواڵگریـیە گرنگەکانی وڵاتەکە بەڕێوەدەبات، گوتی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بەرەوپـێشچوونی لە دژی داعش تۆمارکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا داعش لە تاوانکاریـیەکانی نەوەستاوە.

باسی لەوەش کرد داعش مانگانە بە لایەنی کەم دەیان ملیۆن دۆلار داهاتێتی لە فرۆشتنی نەوتی خاو و لەو باجەی لە خەڵکی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەسێنێت.

برێنان لە بەشێـکی دیکەی لێدوانەکەی بۆ سیناتۆرانی نێو کۆمیتەکە گوتی هێشتا داعش دەتوانێت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ ئەو بارودۆخەی تێـیکەوتووە و هەروەها کەسانی خۆی بۆ ناو خاکی بەرامبەرەکانی ڕەوانەبکات و هێرش ئەنجام بدەن. بەڵام جەختی لەوە کرد کە داعش ناتوانێت وەکو پـێشتر چەکدار بۆخۆی پەیدابکات.

پـێشبینیشی کرد داعش لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو پەنا بۆ شێوازی شەڕی چەتەگەری ببات تاوەکو قەرەبووی ئەو زیانانە بکات کە لە بەرەکانی شەڕدا دووچاری بووە.

پاشان باسی لە مەترسی داعش و بڵاوبوونەوەی باڵەکانی بە جیهاندا کرد و گوتی لە قاعیدەی جاران مەترسیدارترێکە، ئاماژەی بۆ ژمارەی چەکدارەکانی داعش کرد و گوتی بە دەیان هەزار چەکدار لە سەرانسەری جیهاندا مەزەندەدەکرێت.

دواتر گوتی گرنگە ناوچەی زیاتر لە داعش ڕزگاربکرێت و زیانی گەورە بە چەکدارەکانی و سەرچاوە دارایـیەکەی بگەیەنرێت.

XS
SM
MD
LG