Accessibility links

سەرۆک ترامپ ئاگاهی بە چین دەدات


سەرۆکی ئەمەریکا ئاگاهی بە کاربەدەستانی چین دەدات و دەڵێت ئەگەربێت و کاردانەوەیان هەبێت بەرامبەر زیادکردنی گومرگی ئەمەریکایی بەسەر کاڵا چینیـیەکاندا ئەوا دۆخەکە هێندەی دیکە خراپتر دەبێت.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ دووشەممە لەسەر تویتەرەکەی لەم بارەیەوە نووسیویەتی "چین بۆ چەندان ساڵە زۆر سوودی لە ئەمەریکا وەرگرتووە هەتا پـێشی داینەوە (سەرۆکەکانمان بە ئەرکی خۆیان هەڵنەستابوون). بۆیە دەبێت چین هیچ کاردانەوەی نەبێت چۆنکە دۆخەکە خراپتر دەبێت."

پاشان نووسیویەتی" بە ئاشکرا بە شی سەرۆکی چین و هەموو ئەو هاوڕێیانەم لە چینن دەڵێم، چین زۆر زیانی پـێدەگات ئەگەر بە ڕێکەوتنێک نەگەن، چونکە کۆمپانیاکان ناچاردەبن چین جێبهێڵن بۆ وڵاتانی دیکە."

چینیش لای خۆیەوە ئەمڕۆ بڕیاری دا بە بەهای دەیان ملیار دۆلار گومرگی زیاتر بسەپـێنێتە سەر کاڵاکانی ئەمەریکا، دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ گومرگی زیاتری خستە سەر بەرهەمەکانی ئەو وڵاتە بە بەهای 200 ملیار دۆلار.

وەزارەتی دارایی چین ئەمڕۆ ڕایگەیاند لە 1ی مانگی شەشەوە بە بەهای 60 ملیار دۆلار گومرگی زیاتر دەخاتە سەر 5140 بەرهەمی ئەمەریکایی.

XS
SM
MD
LG