Accessibility links

چین بۆ ماوەی 90 ڕۆژ وەرگرتنی گومرگی زیاتر لەسەر هاوردەکردنی ئۆتۆمبیلی ئەمەریکایی ڕادەگرێت


چین دەڵێت بۆ ماوەی 90 ڕۆژ وەرگرتنی گومرگی زیاتر لەسەر هاوردەکانی ئۆتۆمبیل و پارچەی ئۆتۆمبیلی ئەمەریکایی بۆ ناو وڵاتەکەی ڕادەگرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو ڕێکەوتنەی سەرۆکانی هەردوو وڵات لە ئەرجەنتین پـێی گەیشتن.

دەزگای باج و گومرگی چین ئەمڕۆ هەینی گوتی ئەم بڕیارە لە سەرەتای مانگی یەکی ساڵی داهاتووە دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە و هەتا ماوەی سێ مانگ گومرگی زیاتر وەرناگیرێت لەسەر هەناردەکانی ئەمەریکا لە ئۆتۆمبیل و ماشێن بە بەهای 66 ملیار دۆلار و پارچەی ئۆتۆمبیل بە بەهای 60 ملیار دۆلار.

دەڵێت گومرگی سەر ئۆتۆمبیل و ماشێنەکان کە دەگاتە 25% ڕادەگیرێن و هەروەها گومرگی سەر پارچەی ئۆتۆمبیل 5% ئەویش ڕادەگیرێت.

دەزگاکە دەشڵێت ئامانج لەم بڕیارە جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنەیە کە شی ژینپـینگ سەرۆکی چین و دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان دوو هەفتە لەمەوبەر لە پەراوێزی گۆنگرەی G20 لە بۆینس ئایرێسی پایتەختی ئەرجەنتین پـێیگەیشتن.

هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی بازرگانی چین ڕایگەیاند وڵاتەکەی دەستبەجێ ئەو ڕێکەوتنە جێبەجێ دەکات.

XS
SM
MD
LG