Accessibility links

سەرۆک ترامپ: چین دەیەوێت کاربکاتە سەر هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەڵێت چین دەیەوێت لە ڕێگەی بە ئامانجکردنی کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و پـیشەسازی ئەمەریکا کاربکاتە سەر هەڵبژاردنە گشتیـیەکانی نیوەی خولی سەرۆکایەتی کە لە 6 ی مانگی یازدە بەڕێوەدەچێت.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ سێشەممە لەسەر تویتەرکەی نووسیویەتی" چین بە ئاشکرایی ڕایگەیاندووە چالاکانە هەوڵ دەدات کاربکاتە سەر هەڵبژاردنەکانمان و بیانگۆڕێت لە ڕێگەی هێرشکردنە سەر جوتیارانمان و خاوەن مەڕوماڵاتەکانمان و کرێکارانی پـێشەسازیمان چونکە لایەنگری منن. ئەوەی چین لێی حاڵی نیـیە ئەو خەڵکانە نیشتمانپەروەری مەزنن و بە تەواوی لەوە تێدەگەن."

پاشان نووسیویەتی"چین بۆ چەندان ساڵە لە ڕووی بازرگانیـیەوە ئەمەریکا بەکاردەهێنێت. هەروەها دەزانن من ئەو کەسەم کە دەزانم چۆن ڕایانبگرم. تۆڵەسەندنەوەیەکی گەورەی خێرا لە دژی چین دەبێت ئەگەر جوتیارانمان و خاوەن مەڕوماڵاتەکانمان و کرێکارانی پـێشەسازیمان بە ئامانج بکرێن."

جێی ئاماژەیە چین ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند بە بەهای 60 ملیار دۆلار گومرگی زیاتر دەخاتە سەر کاڵاکانی لە ئەمەریکاوە هاوردەی وڵاتەکەی دەکرێن، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەو سزا نوێـیانەی واشنتن بە بەهای 200 ملیار دۆلار بەسەر بەرهەمەکانی چینی سەپاندوون.

وەزارەتی دارایی چین گوتیشی ئەگەر ئەمەریکا سووربێت لەسەر زیادکردنی گومرگی سەر کاڵاکانی وڵاتەکەی، ئەوا چینیش بە هەمان شێوە کاردانەوەی دەبێت.

XS
SM
MD
LG