Accessibility links

ئەمەریکا کۆمەڵێک دیپـلۆماتی خۆی لە چین بەهۆی تووشبوون بە نەخۆشیـیەک دەگەڕێنێتەوە


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت کۆمەڵێک دیپـلۆماتی خۆی لە چین گەڕاندووەتەوە وڵات پاش ئەوەی نیشانەی تووشبوون بە نەخۆشیـیەکی سەیریان تیادا دەرکەوتووە.

هێذەر ناوەرت گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاند، دوای ئەوەی بۆیان یەکلابووەوە کارمەندێکی کۆنسوڵخانەکەیان لە شاری گوانگژۆ لە باشوری چین تووشی نەخۆشیـیەک بووە، تیمێکی پـزیشکیـیان بۆ چین ڕەوانەکردبوو تاوەکو لە باری تەندروستی کارمەندانی کونسوڵخانەکە و ئەندامانی خێزانەکانیان دڵنیاببنەوە.

دەڵێت لەسەر بنچینەی ئەنجامی پـشکنینەکانی تیمەکە وەزارەتی دەرەوە بڕیاری داوە ژمارەیەک لەو کارمەندانە بگەڕێنیتەوە تاوەکو پـشکنینی تەندروستی زیاتریان بۆ بکرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت هەتا ئێستا کاربەدەستانی ئەمەریکا بە فەرمی ئەم بابەتەیان لەگەڵ باس نەکردوون.

جێی ئاماژەیە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا باسی لە ڕووداوێکی هاوشێوە کرد کە لە وڵاتی کوبا ڕوویداوە، ئەویش ژمارەیەک دیپـلۆماتی ئەمەریکایی لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە هاڤانای پایتەخت تووشی کۆمەڵێک نەخۆشی بوون، لەوانە ئازار لە ناو گوێ و گوێ‌قورسبوون و سەرئێشە و گێژخواردن و خەوزڕاندن.

بەپـێی لێکۆڵنەوەکانی پەیوەست بە ڕووداوەکەی کوبا، پـێدەچێت ئەو کارمەندانە جۆرە شەپـۆلێکی دەنگیان ئاڕاستە کرابێت کە گوێی مرۆڤ ناتوانێت گوێبیستی ببێت، بەڵام کاریگەری بەسەر گوێ و مێشک دەبێت.

XS
SM
MD
LG