چین بە ئەمەریکا دەڵێت دەیەوێت سەرجەم لایەنەکانی بەشدار لە ئۆکرانیادا هێمن بن و خۆیان بەدووربگرن لە زیادکردنی گرژییەکان، هاوکات ئەمەریکا جەختی لە کەمکردنەوەی گرژییەکان کردەوە و هۆشداریدا لەسەر مەترسییەکانی سەر ئاسایش و ئابووری ڕووسیا ئەگەر هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا.
لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی سەبارەت بە ئۆکرانیا قسەیان کرد.
وەزارەتی دەرەوەی چین لە بەیاننامەیەکدا وتی وانگ بە بلینکنی وتووە " داوا لەسەرجەم لایەنەکان دەکەین بە هێمنی بمێننەوە و خۆیان بەدووربگرن لە ئەنجامدانی کارێک کە ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان و خراپترکردنی قەیرانەکە."
ڕووسیا کە ماوەی چەند مانگێکە سەدان هەزاران سەربازیی لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکردووە، داوای لە هاوپەیمانێتی ناتۆ کردووە چەک و هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بکشێنێتەوە و ڕێگە نەدات ئۆکرانیا ببێتە ئەندام تیایدا.
ئەمەریکا و ناتۆ ئەو داواکارییە ڕەت دەکەنەوە، بەڵام دەڵێن ئامادەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتەکانی دیکەی وەکو قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەک و ڕێوشوێنەکان بۆ بونیادنانی متمانە لەنێوانیاندا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی " وەزیر بلینکن ئاماژەی بەوەداوە کەمکردنەوەی گرژییەکان و ڕێگەی دیبلۆماسی شێوازێکی بەرپرسیارانەن بۆ بەرەوپێشەوەچوون."
وتیشی لە گفتوگۆکەیاندا باس لە مەترسییەکانی سەر ئاسایش و ئابووری جیهان کراوە کە بەهۆی دوژمنکاری ڕووسیا دژی ئۆکرانیا دروست دەبن.
وانگ کە وادیاربوو ئاماژە بە ڕەتکردنەوەی فراوانبوونی ناتۆ دەدات لەلایەن ڕووسیاوە، بە بلینکنی وت ئاسایشی وڵاتێک نابێت لەسەر حسابی ئاسایشی وڵاتانی دیکە بێت و ئاسایشی ناوچەکەش ناکرێت بە فراوانکردن یاخود پتەوکردنی هاوپەیمانێتیەکی سەربازیی بێت لەو ناوچەیەدا.
ئەمەریکا هۆشداریداوەتە ڕووسیا لەسەر ئەوەی ئۆکرانیا داگیر نەکات و داوای لە هەردوو وڵاتەکە کرد بگەڕێنەوە سەر ڕێکەوتنەکەی مینسکی یەک و مینسکی دوو کە لە ساڵەکانی 2014 و 2015 دا واژۆکراون، مەبەست لە ڕێکەوتنەکانیش کۆتایی هێنانە بە جەنگی نێوان هێزە جیاخوازەکان و هێزەکانی حکومەتی ئۆکرانیا لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەدا. جیاخوازەکانیش لەلایەن ڕووسیاوە پشتیوانیان لێدەکرێت.
بەڵام هێشتا کۆمەڵێک لە هەنگاوە سیاسیی و سەربازییەکان کە دواتر خرانە ڕێکەوتنی مینسکی دووەوە، جێبەجێ نەکراون، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ڕووسیا دەڵێت لایەنێک نیە لە ململانێکان و بۆیە ناچار نیە پابەندی ڕێکەوتنەکە بێت.
وانگ وتی " بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئۆکرانیا، هێشتا پێویستمان بەوەیە بگەڕێینەوە سەر ڕێکەوتنە نوێیەکەی مینسک، کە خاڵی دەستپێکردنە."
وتیشی " ڕێکەوتنە نوێیەکەی مینسک کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیشەوە پەسەند کراوە، نوسراوێکی گرنگی سیاسییە و لەلایەن سەرجەم لایەنەکانەوە پەسەندکراوە و دەبێت دەستبەجێ جێبەجێ بکرێت، ئەگەر هەوڵەکان بەپێی ئەو ڕێکەوتنە بدرێن ئەوا چین پشتیوانیان لێدەکات."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز