Accessibility links

ئەدمیڕاڵێکی ئەمەریکی هۆشیاری دەدات لەوەی چین تاوەکو ساڵی 2027 تایوان داگیردەکات


سەرکردەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکانی هەردوو زەریای هیندی و پاسیفیک ئەدمیڕاڵ فیلیپ دەیڤدسن هۆشیاریدا لەوەی پێدەچێت چین لە ماوەی شەش ساڵی داهاتوودا تایوان داگیربکات و ئامانجە ئاشکراکەی بۆ جێگرتنەوەی ئەمەریکا وەکو گەورەترین هێزی سەربازی لە ناوچەکەدا دەستەبەربکات.

سەرکردەی " ئیندۆپام " لە میانەی دانیشتنێکدا لەبەردەم لیژنەیەکی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکادا وتی " لەوە دەترسم چینیەکان پڕۆژەکەیان بۆ جێگرتنەوەی ئەمەریکا تاوەکو ساڵی 2027 خێراتر بکەن."

ئەدمیڕاڵ دەیڤدسن وتیشی " لەوە دەترسم بیانەوێت زووتر ئەو ئامانجەیان بپێکن."

دەیڤدسن ئاماژەشی بەوەدا " ئەوە ڕوون و ئاشکرایە تایوان بەشێکە لە ئامانجەکانی چین و پێم وایە هەڕەشەکە لە دەیەی داهاتوودا ڕوون و ئاشکرایە، بێگومان لە شەش ساڵی داهاتوودا، واتا تاوەکو ساڵی 2027."

تایوان کە ژمارەی دانیشتوانەکەی 23 ملیۆنە، ماوەی 75 ساڵە ڕژێمێکی سەربەجۆ بەڕێوەی دەبات، دوای ئەوەی شیوعیەکان دەسەڵاتی چینیان گرتەدەست.

بەڵام پەکین پێی وایە تایوان بەشێکە لە خاکەکانی چین و چەند جارێک بە ئاشکرا بەڵێنیداوە دووبارە دورگەکە کۆنتڕۆڵ بکاتەوە، ئەگەر پێویستیش بکات هێز بەکاردەهێنن.

ئەمەریکا لە ساڵی 1979 دا پەیوەندییە دیبلۆماتیەکانی لەگەڵ تایواندا بڕی تاوەکو پەکین وەکو نوێنەری فەڕمی چین بناسێنێت، بەڵام واشنتن هێشتا بەهێزترین هاوپەیمانی تایوانە و چەکی دەداتێ، بەڕێوبەرایەتیەکەی ئەمەریکا لەلایەن کۆنگرێسی وڵاتەکەوە ناچارکراوە چەک بە تایوان بفرۆشێت تاوەکو دورگەکە بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات.

دوای ئەوەی چنگی خۆی بەسەر هۆنگ کۆنگدا توندترکردەوە، چین هۆشیاریدانەکانی بۆ تایوان زیاد کرد و هەوڵەکانی بۆ ڕێگەگرتن لە ئازادی هاتوچۆ لە تەنگەی تایوان چڕتر کردەوە کە دورگەکە و چین لەیەک جیادەکاتەوە.

دەیڤدسن ئاماژەی بەوەدا چین شتی تریشی دەوێت لە دەریای باشووری چیندا ( لەوانەش ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی ڤیێتنام و فیلیپیندایە.) هەروەها لە دەریای ڕۆژهەڵاتی چینیش ( دورگەکانی سینکاکۆ کە لەژێر دەسەڵاتی ژاپۆندایە ) لەلایەکی دیکەشەوە لە چیاکانی هیمالایا ( ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی هیندستاندایە.) هەروەها هۆشیاریدا لە مەترسیەکانی چین بۆ سەر گوامیش کە دورگەیەکی ئەمەریکیە و دەکەوێتە زەریای پاسیفیکەوە.

وتی " ئەمڕۆ گوام ئامانجەکەیە." ئاماژەی بەوەدا ساڵی ڕابردوو چین گرتەیەکی ڤیدیۆی پڕوپاگەندەی بڵاوکردەوە تیایدا دەردەکەوێت فڕۆکەوانە چینیەکان هێرش دەکەنە سەر بنکەیەکی سەربازی ئەم دورگەیە کە دەکەوێتە دووری 2500 کم لە ڕۆژهەڵاتی فیلیپینەوە.

دەیڤدسن داوای لە ئەندامانی ئەنجومەنی سینات کرد بڵاوکردنەوەی سیستمی بەرگری موشەکی جۆری " ئیجیس ئاشور " لە دورگەکەدا لەلایەن سوپای ئەمەریکاوە پەسەند بکەن.

وتیشی دەبێت " گوام بەرگری لێبکرێت و پێشوەخت ئامادەکاری بکرێت بۆ هەڕەشەکانی داهاتوو، چونکە لە ئێستادا دیارە گوام چیتر تەنها ئەو شوێنە نیە کە پێمان وایە دەتوانین شەڕی لێبکەین، بەڵکو شوێنێکە دەبێت شەڕی لەسەر بکەین."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG