چین و ئەمەریکا یەکتری تۆمەتبار دەکەن لەسەر دەریای جێناکۆکی لەسەری باشووری چین، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای چین وتی کەشتییەکی جەنگی ئەمەریکایی دوورخستووەتەوە، هێزی دەریایی ئەمەریکاش وتی کەشتییەکە لە ئەرکێکی ڕۆتینی ئازادی هاتووچۆی دەریاییدا بووە.
ڕۆژی شەممە سەرکردایەتی باشووری سوپای چین لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ویچات وتی سوپای چین هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی ڕەوانە کردووە بۆ " شوێنکەوتن و چاودێریکردن و دوورخستنەوەی " کەشتییەکی تێکشکێنەری ئەمەریکایی.
هێزی دەریایی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کەشتی جەنگی هۆپەر " جەختی لە مافی هاتووچۆی دەریایی کردووەتەوە لە دەریای باشووری چین لە نزیک دوورگەکانی پاراسێل، کە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان دەگونجێت."
چین بانگەشەی ئەوە دەکات خاوەنی سەرانسەری دەریای باشووری چینە، بە بەشەکانی فیلیپین، ڤیێتنام، ئیندۆنیسیا و مالیزیا و برونیشەوە. ساڵانە بڕی 3 تریلیۆن بازرگانی بەو ڕێڕەوە ئاوییەدا دەڕوات. دادگای ناوبژیوانی هەمیشەیی لە ساڵی 2016 دا ڕایگەیاند بانگەشەکانی چین لەسەر دەریاکە هیچ بنەمایەکی یاساییان نیە.
ڕۆژی شەممە فیلیپین و ئوستڕاڵیا یەکەمین مەشقی دەریایی و ئاسمانی هاوبەشییان لە دەریاکەدا دەستپێکرد، چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی چین فیلیپینی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی هێنانی هێزە بیانییەکان بۆ ئەنجامدانی ئەرکی ئێشکگری لە دەریای باشووری چیندا، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەرکە ئێشکگرییە هاوبەشەکانی نێوان ئەمەریکا و فیلیپین.
سەبارەت بە ڕووداوەکەی کەشتییەکەی ئەمەریکا، چین وتی " ئەو ڕووداوە دەیسەلمێنێت کە ئەمەریکا دروستکەری مەترسییەکانە لە دەریای باشووری چیندا."
جێگری وتەبێژی هێزی کەشتیگەلی حەوتی ئەمەریکا کریستینا ویدیمان وتی " ئەمەریکا ڕووبەڕووی بانگەشە زیادەڕۆییە دەریاییەکان دەبێتەوە لە سەرانسەری جیهاندا، ئیتر گرنگ نیە ئەو لایەنەی بانگەشەکە دەکات هەر کەسێک بێت."
وتیشی " بانگەشەی نایاسایی و زیادەڕۆیی لە دەریای باشووری چیندا مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئازادی دەریاکان."
لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا ئەمەریکا و چین گفتوگۆیان لەسەر کێشە دەریاییەکان کرد، لەوانەش ناکۆکییەکان سەبارەت بە دەریای باشووری چین، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی لە گفتوگۆکاندا ئەمەریکا نیگەرانی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە " کارە مەترسیدار و نایاساییەکانی " چین لە دەریاکەدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز