دوو شکستی ئەمەریکا لەم هەفتەیەدا لە کێبڕکێکەیدا لەگەڵ چین لەسەر مانگ، تیشک دەخاتە سەر مەترسی پلانەکانی ناسا بۆ پەیڕەویکردنی ستراتیژییەکی نوێ بۆ پشتبەستنێکی زیاتر بە کۆمپانیا تایبەتەکان.
دواکەوتنی پڕۆگرامی مانگی ئارتیمیسی دەزگای واڵایی ئاسمانی ئەمەریکا و کێشەی دەرپەڕین کە بووە هۆی شکستی ڕۆبۆتەکەی مانگی کۆمپانیای ئاسترۆبۆتیکی ئەمەریکا تیشک دەخەنە سەر ئەو قورساییانەی کە نەک تەنها ڕووبەڕووی وڵاتەکە بوونەتەوە بەڵکو بودجەکەشی کەم دەکاتەوە لە کاتێکدا کە دەیەوێت بەردەوام بێت لە میراتییە گەردوونییەکەی.
ئەمەریکا پلانی هەیە لە کۆتایی ساڵی 2026 دا ئاسمانەوانەکان بنێرێتەوە بۆ سەر مانگ، پێشتر بڕیاربوو لە ساڵی 2025 دا ئەو کارە بکرێت، بەڵام لەم هەفتەیەدا دواخرا بۆ کۆتایی ساڵی 2026، هاوکات چین ساڵی 2030 داناوە بۆ چوونە سەر مانگ. پێش گەیشتنی مرۆڤەکان، دوو وڵاتەکە پلانییان هەیە چەند ڕۆبۆتێکی بچووکتر ڕەوانەی سەر مانگ بکەن، ئەوەش لە پێناو تاقیکردنەوەی سەر ڕووی مانگ. پڕۆگرامە چینییەکە کە لەلایەن حکومەتی چینەوە پشتیوانی لێدەکرێت، چەند جارێک یەکەم بووە لەو بارەیەوە.
ڕۆبۆتەکەی کۆمپانیای ئاسترۆبۆتیک حەوت کەلوپەلی ناسای هەڵگرتبوو کە بڕیار بوو سەر ڕووی مانگ بپشکنێت. سەرەڕای ئەوەی ڕۆبۆتەکە بە پارێزراویی ناگاتە سەر ڕووی مانگ، سێ ئەرکی دیکەی تایبەتی مانگ کە لەلایەن ناساوە سپۆنسەر کراون، بە ڕۆبۆتێکی دیکەشەوە، بڕیارە لەم ساڵدا ڕەوانەی سەر مانگ بکرێن.
ناسا بە شێوەیەکی بەرچاو پشتی بە کۆمپانیاکانی دیکەی وەکو سپەیس ئێکسی ئیلان ماسک بەستووە. دوایین ئەرکی چوونە سەر مانگ بە ئاسمانەوانەکانیشەوە بریتی بوو لە ئەرکەکانی ئاپۆلۆی ئەمەریکا، نزیکەی نیو سەدە لەمەوبەر، ئەو کاتەی کە ناسا خاوەنی هەموو ئەو کەشتییە ئاسمانییانە بوو کە بەشدار بوون.
سەرۆکی ناسا بیڵ نیڵسن ڕۆژی سێشەممە دوای ڕاگەیاندنی دواکەوتنی ئارتیمیس وتی " پێم وایە چین پلانێکی زۆر توندی هەیە. پێم وایە حەز دەکەن پێش ئێمە بگەنە سەر مانگ، چونکە ئەوە دەرکەوتنێکی باشییان دەداتێ، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە پێم وانییە ئەوان پێش ئێمە بگەنە سەر مانگ."
پێویستە کۆمپانیا دەستپێشخەرەکانی ئەمەریکا پەرە بە شارەزایی و کلتوری واڵایی ئاسمان بدەن، کە حکومەتەکان بە پارەیەکی زۆرەوە دەیان ساڵییان پێچوو تاوەکو گەشەی پێبدەن. هیندستانیش ئێستا هەمان ڕێڕەوی گرتووەتەبەر و بە شێوەیەکی بەرچاو پشتی بە کۆمپانیا تایبەتەکان بەستووە لە هەوڵەکانیدا بۆ پشکنینی واڵایی ئاسمان.
هەنگاوی دواتری چین لە پشکنینەکانی مانگدا بریتی دەبێت لە ئەرکێکی لەم ساڵدا بۆ وەرگرتنی نموونە لە بەشە دوورەکەی مانگەوە.
لە مانگی دوانزەی ساڵی 2013 دا لە ساڵی 1976 ەوە تاوەکو ئەو کاتە چین بۆ یەکەمین جار ڕۆبۆتی چانگ 3 ی بەبێ ئاسمانەوانەکان لەسەر مانگ نیشتەوە. لە ساڵی 2019 شدا هەر بۆ یەکەمین جار چانگ 4 لە بەشە دوورەکەی مانگ نیشتەوە.
هیندستان و کۆمپانیاکانی ئیسڕائیل و ژاپۆن لەم ساڵانەی ڕابردوودا شکستییان هێنا لە هەوڵەکانییان بۆ گەیشتن بە مانگ.
ساڵی ڕابردوو هیندستان لە دووەمین هەوڵیدا ڕۆبۆتەکەی " چاندرایان – 3 " لەسەر جەمسەری باشووری مانگ نیشتەوە، ئەوەش یەکەمین جار بوو ڕۆبۆتێک لەو جەمسەرەی مانگدا بنیشێتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز