Accessibility links

ئەمەریکا دەڵێت چین توانای هەیە هێرشی ئەلیکترۆنی دژی ژێرخانە هەستیارەکان ئەنجام بدات


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداری دەدات و دەڵێت چین لە توانای هەیە هێرشی ئەلیکترۆنی دژی ژێرخانە هەستیارەکان ئەنجام بدات، بە هێڵەکانی بۆری نەوت و گاز و سیستمی هێڵە ئاسنینەکانیشەوە، ئەمەش دوای ئەوەی دەرکەوتووە کە گروپێکی هاککردنی چینی، سیخوڕیان بەسەر ئەو جۆرە تۆڕانەوە کردووە.

ڕۆژی چوارشەممە ئەمەریکا و کەنەدا و بەڕیتانیا و ئوستڕاڵیا و نیوزلەندا لە ئاگادارییەکی هاوبەشدا وتیان هەڵمەتی سیخوڕی ئەلیکترۆنی چینی ئامانجە حکومی و سەربازییەکانی ناو ئەمەریکای بە ئامانج کردووە.

حکومەتی چین ڕەتی کردەوە کە سیخوڕەکانی بە شوێن ئامانجە ڕۆژئاواییەکانەوە بووبێتن، وتی ئاگادارییە هاوبەشەکەی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی "هەڵمەتێکی بە کۆمەڵی بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵەیە."

ماثیو میڵەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی " کۆمەڵگەی هەواڵگری ئەمەریکا پێی وایە چین لە توانایدا هەیە هێرشی ئەلیکترۆنی ئەنجام بدات کە دەکرێت خزمەتگوزاریی ژێرخانە هەستیارەکانی ناو ئەمەریکا تێکبدات، لەوانەش هێڵەکانی بۆری نەوت و گاز و سیستمی هێڵە ئاسنینەکان."

وتی " زۆر گرنگە بۆ حکومەت و بەرگریکاران لە تۆڕەکانی گشتی وریا بن."

گروپە سیخوڕییەکە کە لەلایەن مایکرۆسۆفتەوە بە " ڤۆڵت تایفوون " ناسراوە، بابەتی ئەو ئاگادارکردنەوەیە بوو کە لەلایەن دەزگاکانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی و هەواڵگری ئەمەریکا و بەڕیتانیا و ئەمەریکا و کەنەدا و بەڕیتانیا و ئوستڕاڵیا و نیوزلەندا بڵاوکرایەوە.

دوای ئەوەی لە ساڵی 2021 دا بەهۆی هێرشێکی ئەلیکترۆنییەوە بۆ سەر هێڵی بۆری کۆڵۆنیاڵ کە بووە هۆی پەکخستنی نزیکەی نیوەی دابینکردنی پێویستییەکانی سوتەمەنی لە کەناری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکادا، دەزگاکانی ئەمەریکا هەوڵی باشترکردنی ئاسایشی ئەلیکترۆنییان داوە لە زۆربەی پیشەسازییە تایبەتییەکاندا.

توێژەرەوانی مایکرۆسۆفت دەڵێن ڤۆڵت تایفوون پەرە بە کۆمەڵە توانایەک دەدات کە " دەکرێت لە قەیرانەکانی داهاتوودا ژێرخانە هەستیارەکانی پەیوەندیی نێوان ئەمەریکا و ناوچەی ئاسیا تێکبدات."

مایکرۆسۆفت وتی گروپەکە " ڤۆڵت تایفوون " ژێرخانە هەستیارەکانی ناوچەی گوامی پاسێفیکی ئەمەریکایان کردۆتە ئامانج، وتیشی ئامێرەکانی کۆمپانیای ئاسایشی فۆرتنێت لەلایەن گروپەکەوە پێشێلکراون تاوەکو دزە بکەنە ناو ئامانجەکانییانەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ماو نینگ بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئامانج لە ئاگادارییەکەی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی پتەوکردنی هاوپەیمانییەکەیانە کە لە ڕووی هەواڵگرییەوە بە " پێنج چاو " ناسراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG