یاسادانەرێکی باڵای کۆمارییەکان لە کۆنگرێسی ئەمەریکا دەڵێت ئەگەرەکانی ململانێ لەگەڵ چیندا لەسەر تایوان " زۆر بەرزن ". ئەمەش دوای ئەوەی جەنەڕاڵێکی ئەمەریکا لە یاداشتێکدا هۆشداریدا لەسەر ئەوەی ئەمەریکا لە دوو ساڵی داهاتوودا لەگەڵ چیندا شەڕ دەکات.
لە یاداشتێکدا کە بەروارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 1 ی مانگی دوو، بەڵام ڕۆژی هەینی بڵاوکرایەوە، بەرپرسی سەرکردایەتی جوڵەی ئاسمانی ئەمەریکا جەنەڕاڵ مایک مینیهان بە 110,000 ئەندامەکەی دەڵێت " هەستم پێم دەڵێت لە ساڵی 2025 دا شەڕ دەکەین."
مایک مککۆڵی کۆماری کە سەرۆکی نوێی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکایە، ڕۆژی یەکشەممە بە فۆکس نیوزی وت " هیوادارم هەڵە بێت. بەڵام پێم وایە ڕاست دەکات."
بۆچوونی جەنەڕاڵەکە بۆچوونی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا نیە، بەڵام نیگەرانییەکی زۆری ئەمەریکا دەردەخات سەبارەت بە ئەگەری هەوڵی چین بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تایوان.
مینیهان وتی ئەمەریکا و چین لە ساڵی 2024 دا هەڵبژاردن تیایاندا بەڕێوەدەچێت، ئەمەش ئەگەری هەیە دەرفەتێک بۆ چین دروست بکات ڕێوشوێنی سەربازی بگرێتەبەر.
مککۆڵ گوتی ئەگەر چین بەبێ خوێن ڕشتن شکست بهێنێت لە کۆنتڕۆڵکردنی تایواندا ئەوا " بە بۆچوونی من بیر لە داگیرکارییەکی سەربازیی دەکەنەوە. دەبێت ئێمە ئامادە بین بۆ ئەمە."
مککۆڵ گوتی " ئەگەرەکان زۆر بەرزن و دەکرێت ململانێیەک لەگەڵ چین و تایوان و ئیندۆ پاسێفیک ببینین."
لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن وتی بە جددی گومانی هەیە لەوەی زیادبوونی چالاکییە سەربازییەکانی چین لە نزیک تەنگەی تایوان ئاماژەیەک بن بۆ نزیکبوونەوەی داگیرکردنی تایوان لەلایەن چینەوە.
ڕۆژی شەممە بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا گوتی لێدوانەکانی جەنەڕاڵەکە " بۆچوونی وەزارەتەکە نین لەسەر چین."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز