Accessibility links

شارێکی ئەمەریکا ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا دەدات بە سەرجەم ئەو کەسانەی تەمەنیان لە 18 ساڵ زیاترە


لەکاتێکدا زۆرێک لە وڵاتانی جیهان تاوەکو ئێستا ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنها دەدەن بە هاوڵاتیانی بەتەمەن و کارمەندانی تەندروستی، شارێکی ئەمەریکا کە زیانێکی زۆری بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پێگەیشتووە، ڤاکسینەکە دەدات بە سەرجەم ئەو کەسانەی تەمەنیان لە 18 ساڵ زیاترە.

شاری سێنتڕاڵ فۆڵز کە دەکەوێتە ویلایەتی ڕۆد ئایلاندەوە و ژمارەی دانیشتوانەکەی 20 هەزار کەسن، ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانەکەی بە ڕەچەڵەک خەڵکی ئەمەریکای لاتینن و ژمارەیەکی زۆریش لەو کۆچبەرانەی تیایدا دەژین بە فەڕمی تۆمارنەکراون.

ئەم شارە یەکێکە لە قەرەباڵغترین شارەکانی ئەمەریکا و یەکێکیشە لەو شوێنانەی کە لە ویلایەتی ڕۆد ئایلانددا زیانێکی زۆری بەهۆی پەتاکەوە بەرکەوتووە.

ویلایەتی ڕۆد ئایلاند کە دەکەوێتە کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکاوە پێشنیاری ئەوە دەکات ڤاکسینەکە بدرێت بەو کەسانەی کە مەترسی توشبوونیان بە ڤایرۆسەکە زیاتر لەسەرە، لەوانەش کارمەندانی تەندروستی و ئەو کەسانەی تەمەنیان لە 75 ساڵ زیاترە.

بەڵام شاری سێنتڕاڵ فۆڵز پشتی بەستووە بە بڕیارێکی تایبەتی شارەکە و بوارێکی ڕەخساندووە بۆ پێدانی ڤاکسینەکە بە سەرجەم ئەو کەسانەی تەمەنیان لە 18 ساڵ زیاترە.

سەرۆکی شارەوانی شارەکە ماریا ڕیڤێرا لەمیانەی هەڵمەتی پێدانی ڤاکسینەکەدا بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " هەر کەسێک لێرە بژی یاخود لێرە کار بکات ئەرکی سەرەکیە ڤاکسینەکەی پێبدرێت."

سێنتڕاڵ فۆڵز زۆرترین حاڵەتی توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ویلایەتی ڕۆد ئایلاند تۆمارکردووە.

لە مانگی یەکدا زیاتر لە 3500 کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون و 21 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و 190 کەسیش ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.

ڕیڤێرا وتی " لە کاتی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەوە، زۆرێک لەوانەی کە کارەکانیان لەدەست دەدا پارەیان پێنەبوو و هەروەها نەیان دەتوانی داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن بۆ وەرگرتنی یارمەتی."

ڕیڤێرا وتیشی " ئەگەر کێشەکە لە سەرچاوەکەیەوە چارەسەر نەکەین ئەوا بەردەوام دەبین لە بڵاوکردنەوەی ئەم نەخۆشیە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG